هەولێر و بەغدا گەیشتنە رێککەوتن سەبارەت بە بودجە و ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان

کۆبوونەوەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندی حکومەتی عێراق
کۆبوونەوەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندی حکومەتی عێراق

K24 – هەولێر:

شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی سەبارەت بە جێبەجێکردنی یاسای بودجە و ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان گەیشتنە رێککەوتن. 

رۆژی پێنجشەممە (27ـی تەمموزی 2023)، لە راگەیەندراوێکدا شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکردووە، "شاندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گه‌یشتنه‌ شاری به‌غدا و له‌گه‌ڵ شاندی حكومه‌تی ئیتیحادی كۆبوونه‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ جێبه‌جێكردنی یاسای بوودجه،‌ به‌ مه‌به‌ستی ناردنی شایسته‌ داراییه‌‌كانی هه‌رێمی كوردستان و له‌ ده‌رئه‌نجامی كۆبوونه‌وه‌كه‌ هەردوولا گه‌یشتنه‌ رێكه‌وتن له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی بڕگه‌كانی تایبه‌ت به‌ هه‌رێمی كوردستان لەیاسای بودجەدا".

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، " له‌و چوارچێوه‌یه‌ش كۆنووسێكی هاوبه‌ش له‌ نێوان هه‌ردوو شانده‌كه‌ واژۆ كرا و بڕیار وایه‌ ده‌ستبه‌جێ تەمویلی هه‌رێمی كوردستان بكرێت ".

هاوکات لەلایەن خۆیەوە، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "شاندی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی گەیشتنە رێکەوتن و لە زووترین کاتدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابەشدەکرێت".

هەروەها بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، سبەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق کۆدەبنەوە لەبارەی چۆنیەتی جێبەجێکردنی بڕگەکانی پشکی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجە.