ئومێد سەباح بۆ کوردستان24: رێککەوتن لەسەر ناردنی کۆی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان کرا

ئومێد سه‌باح، سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان
ئومێد سه‌باح، سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان

K24 – هەولێر:

سەرۆکی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ شاندی حکومەتی فیدراڵی بە کوردستان24ـی راگەیاند، کۆنووسێکی هاوبەش لە نێوانیان واژۆ کراوە و رێککەوتوون لەسەر ناردنی کۆی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان.

رۆژی پێنجشەممە (27ـی تەمموزی 2023)، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کە هاوکات سەرۆکایەتی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی لەبارەی جێبەجێکردنی یاسای بودجە و ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی بەرامبەر حکومەتی فیدراڵی جێبەجێکردووە و ئەوەی ماوەی لەسەر بەغدا دەستبەجێ تەمویلی هەرێمی کوردستان بکرێت.

ئومێد سەباح گوتیشی دوای چەندین کاتژمێر لە کۆبوونەوە لەگەڵ شاندی حکومەتی فیدراڵی، کاتژمێر 1:30ـی بەرەبەیان بە واژۆکردنی کۆنووسێکی هاوبەش کۆتاییان بە کۆبوونەوەکە هێنا و بڕیاردا دەستبەجێ تەمویلی هەرێمی کوردستان بکرێت.

لەبارەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە، ئومێد سەباح باسی لەوەکرد، ئەو شاندە لەسەر فەرمانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی چەندین جاری دیکەش سەردانی بەغدای کردووە و ئەم کۆبوونەوەیەش کە دوای پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی ئەنجامدرا، جەختکردنەوە بوو لەسەر سووربوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکانی پەیوەست بە هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجە.

سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، بە واژۆکردنی ئەو کۆنووسە لە نێوان هەردوو شاندەکە، هیچ پابەندییەک لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان نەماوە و هەمووی جێبەجێ کردووە و ئەوەی ماوە لەسەر حکومەتی فیدراڵییە کە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان خەرجبکات و بە هەمان نیازپاکی مامەڵە بکات.

هاوکات ئومێد سەباح، جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە کە تێبینی نادەستووری بوونیان لەسەر یاسای بودجە هەیە بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، جێبەجێکردنی یاساکە لەپێناو ناردنی شایستە داراییەکان و مووچەی هەرێمی کوردستان بگات، هەموو ئامادەییەکی خۆیان نیشانداوە.

ئومێد سەباح ئاشکرایکرد، ئەو کۆنووسەی واژۆکراوە لەنێوان شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بۆ کۆی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستانە و رێککەوتن لەسەر ئەوە کراوە لە زووترین کاتدا دەست بە تەمویلکردنی هەرێمی کوردستان بکرێت و روونیکردەوە، لەگەڵ داواکردنی کۆی شایستە داراییەکان، دابینکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە پێشینەی کارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە. 

لەبارەی ئامادەبوونی شاندەکە و کۆبوونەوەیان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی، ئومێد سەباح باسی لەوەکرد کە شاندی حکومەتی فیدراڵی لەلایەن نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە سەرپەرشتی دەکرێن و نوێنەرانی وەزارەتەکانی دارایی و پلاندانان و نەوت و چاودێری دارایی ئامادەبوون و لە کۆبوونەوەکەشدا، هەریەکە لە فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و بەنگین رێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنە و نێشتەجێکردنیش ئامادەی بوون.

لەبارەی پرسی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، ئومێد سەباح رایگەیاند، ئەوەی لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستانە نەوت بداتە وەزارەتی نەوتی عێراق و ئەو لە بازاڕی ناوخۆ و پاڵاوگەکان بەکاری دەهێنێت یاخود هەناردەی دەکات، ئەوە لە ئەستۆی ئەوانە و هیچ پابەندییەک لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان نابێت.

لە بەشێکی دیکەی روونکردنەوەکانیدا، ئومێد سەباح ئاماژەی بەوەشکرد کە جۆرێک دڵنیایی و ئامادەییان لە شاندی حکومەتی فیدراڵی بەدیکردووە بۆ جێبەجێکردنی یاسای بودجە، بەتایبەت بە پرسی بڕگەکانی پەیوەست بە هەرێمی کوردستان و دڵنیاییدا لەسەر ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێکی خۆی بۆ دابینکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان خستووەتەگەڕ.