شانەی راگەیاندنی ئەمنی: تیرۆریستێکی داعش لە سلێمانی دەستگیرکرا

وێنەی ئەو سەرکردەیەی داعش کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە دەستگیرکراوە | وێنە: شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراقی
وێنەی ئەو سەرکردەیەی داعش کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی عێراقەوە دەستگیرکراوە | وێنە: شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراقی

K24 - هەولێر

شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراقی دەستگیرکردنی سەرکردەیەکی داعش لە پارێزگای سلێمانی رادەگەیەنێت و دەڵێت، ئەو "تیرۆریستە" یەکێک بووە لە ئەنجامدەرانی کۆمەڵکوژیی سپایکەر لە ساڵی 2014.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 27ـی تەممووزی 2023، شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراقی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، "دەزگای هەواڵگیریی نیشتمانیی عێراقی بە هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای دژە تیرۆر و بە پشتبەستن بە زانیاریی وردی هەواڵگیری، تیرۆریست (عەبدوڵخاڵق خەزعەل سوڵتان)ـیان لە پارێزگای سلێمانی دەستگیرکرد."

بە گوێرەی راگەیەندراوەکەی شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراقی، ئەو "تیرۆریستە" لە ساڵی 2013 پەیوەندی بە ریزەکانی داعشەوە کردووەو و "بەشداری ژمارەیەک کردەوەی تیرۆریستی لە دژی هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە پارێزگای سەڵاحەددین کردووە".

سه‌ربازگه‌ی سپایكه‌ر 160 كیلۆمه‌تر له‌ باكووری به‌غدادی پایته‌خته‌وه‌ دووره‌، چه‌كدارانی داعش له‌ رۆژانی 12-15ی حوزه‌یرانی 2014 سه‌ربازه‌كانی به‌دیل گرت كه‌ ژماره‌یان 1700 سه‌رباز بوو، سه‌رجه‌میان گولـلـه‌باران كرد و دواتر ته‌رمی به‌شێک له‌سه‌ربازه‌كانیان خستنه‌ ناو رووباری دیجله‌ و به‌شه‌كه‌ی دیكه‌شیان له‌ گۆڕی به‌كۆمه‌ڵدا به‌خاكسپارد.

شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراقی لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا ئاماژەشی بەوە داوە، ئەو تیرۆریستە یەکێک بووە لە ئەنجامدەرانی کۆمەڵکوژییەکەی بنکەی سەربازی سپایکەر لە ساڵی 2014ـی پارێزگای سەڵاحەددین.

وەکو ئەوەی خراوەتەڕوو، تیرۆریستەکە فەرماندەیەکی سەربازی ویلایەتی (دیجلە) بووە، کە دواتر ناوی ئەو ویلایەتە بۆ "ویلایەتی نەینەوا" گۆڕدرا و بەشداری لە چەندین کردەوەی سەربازی لە دژی هێزە ئەمنییەکانی عێراقدا کردووە.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەی شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراقدا هاتووە، ئۆپەراسیۆنەکە دوای بەدواداچوون و چاودێریکردنی تیرۆریستەکە بووە و دەستگیرکردنیشی بە گوێرەی نووسراوێکی دادوەری بووە. ئەوەش روونکراوەتەوە، ئەو سەرکردەیەی داعش رەوانەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە بۆ ئەوەی لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵدا بکرێت.