کۆمپانیای خۆشناو دەست بە دابەشکردنی شایستە داراییەکانی جووتیارانی هەولێر دەکات

کۆنگرەی رۆژنامەوانی سەروەر هاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی  و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان
کۆنگرەی رۆژنامەوانی سەروەر هاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی  و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ کۆمپانیای خۆشناو دەست بە دابەشکردنی شایستە داراییەکانی ئەو جووتیارانە دەکات کە لە ماوەی رابردوودا گەنمیان رادەستی کۆمپانیاکە کردووە. بەرپرسێکی وەزارەتی بازرگانیش دەڵێت، هەموو ئەو کەسانە سزا دەدەن، کە لە وەرنەگرتنی گەنمی جووتیاران لە سایلۆکانی هەولێر کەمترخەمبوون.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 27ـی تەممووزی 2023، سەروەر هاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانی  و پیشەسازی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، کارگەی داسی سەر بە کۆمپانیا خۆشناو، کە گەنمی جووتیارانی هەولێری وەرگرتووە؛ هەموو ئامادەکارییەکی ژمێریاریی کردووە بۆ ئەوەی شایستە داراییەکانی جووتیاران دابەش بکات.

بریکاری وەزارەتی بازرگانی  و پیشەسازی  ئاماژەی بەوەش دا، هەموو ئەو جووتیارانەی گەنمیان رادەستکردووە، دەتوانن ئەمڕۆ شایستە داراییەکانیان وەربگرن. روونیشیکردەوە، هەرچەندە دەگوترا نزیکەی 11 هەزار تۆن گەنم لە بەردەم سایلۆکانی هەولێر ماوەتەوە، بەڵام کۆمپانیای خۆشناو توانیویەتی نزیکەی حەوت هەزار و 500 تۆن گەنم وەربگرێت و کێشەی هەموو جووتیارانی چارەسەرکردووە.

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی بازرگانی حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوکات سوپاسی هاوکاری و هەماهەنگی جووتیارانی هەولێری لەگەڵیان کرد و جەختی لەوە کردەوە، کێشەی هەموو جووتیاران چارەسەرکراوە و "ئێستا یەک ئۆتۆمبێلی جووتیارانیش لە بەردەم سایلۆکانی هەولێر نەماوە".

لەبارەی سزادانی ئەو کەسانەی بەرپرسبوون لە وەرنەگرتنی گەنمی جووتیاران لە سایلۆکانی شاری هەولێر؛ سەروەر هاواری ئەوەی خستەڕوو، ئەو لیژنەیەی لەلایەن سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانییەوە دەستنیشانکراوە، لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا رێکار و رێوشوێنی پێویست لە بەرامبەر هەموو ئەو کەسانە دەگرێتەبەر کە کەمتەرخەمبوونە لە وەرنەگرتنی گەنمی جووتیاران لە سایلۆکانی هەولێر، لە چوارچێوەی ئەو پشکەی لەلایەن وەزارەتی بازرگانی عێراقەوە بۆ جووتیارانی هەولێر دیاریکرابوو.

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی وەکو ئەوەی سەروەر هاواری باسی کرد، لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشتیی بەردەوامی جووتیاران و کەرتی کشتوکاڵی کردووە و، "لەسەر ئەو کارە بەردەوام دەبێت و ئێستاش ئاکامەکەی دەبینین کە کێشەی جووتیارانی چارەسەرکرد و ئەمڕۆ لەلایەن کۆمپانیای خۆشناوەوە شایستە داراییەکانیان پێدەدرێت."

ئەمساڵ وەزارەتی بازرگانیی عێراق پشکی هەرێمی کوردستانی لە وەرگرتنی گەنمی جووتیاران بە 500 هەزار تۆن دیاری کردبوو. لەو ژمارەیە 145 هەزار تۆنی پشکی پارێزگای هەولێر بوو، بەڵام هەموو جووتیارانی هەولێر نەیانتوانی گەنمەکەیان رادەستی سایلۆکانی هەولێر بکەن و بۆ ماوەی چەند رۆژێک لە بەردەم سایلۆکان گردبوونەوە. دواتر سەرۆکوەزیرانی مەسرور بارزانی لیژنەیەکی بۆ چارەسەرکردنی کێشەی جووتیاران پێکهێنا و دوو کۆمپانیای ناوخۆی لە هەولێر و سلێمانی راسپارد ئەو گەنمەی جووتیاران کە ماوەتەوە، وەربگرن.

رۆژی 27ـی ئایاری 2023، پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە سایلۆکانی هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و دوای ئەوەی بەغدا بڕی 375 هەزار تۆنی بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان دیاریکردبوو، شاندێکی وەزارەتی کشتوکاڵ سەردانی بەغدای کرد و ئەو بڕەیان زیادکرد و بڕیاردرا بەشێوەی کراوە گەنمی جووتیاران وەربگیرێت.