وەزارەتی کشتوکاڵ 200 هەزار پەنجە ماسی دەخاتە ناو بەنداوی دەربەندیخان

بەنداوی دەربەندیخان
بەنداوی دەربەندیخان

K24 – سلێمانی:

ئەمڕۆ لە دەربەندیخان وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و قایمقامییەتی دەربەندیخان، هەستان بە رشتنی 200 هەزار پەنجە ماسی بۆ ناو ئاوی بەنداوی دەربەندیخان.

رۆستەم کەریم، بەڕێوەبەری پڕۆژەی پەنجە ماسی لە هەولێر، بە کوردستان24ـی راگەیاند، "ئێمە وەک وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، ساڵانە پلانمان هەیە بۆ رشتنی پەنجا ماسی بۆ ناو سەدد و بەنداوەکان، بۆ ئەمساڵ ئەوەی پلانماندایە بەنداوی دەربەندیخانە دوای ئەو بە هەمان شیوە پلانمان هەیە پەنجە ماسی دەڕشێنینە ناو بەنداوی دوکان و دهۆک، پاشان ژمارەیکیش لە پەنجە ماسی دەدرێت بۆ جووتیارانی سنووری پارێزگای هەولێر کە حەوزی بەخێوکردنی ماسییان هەیە".

هاوکات راشیگەیاند، بۆ ئەمساڵ وەک پلانی یەکەم 200 هەزار پەنجە ماسیمان خستە ناو بەنداوی دەربەندیخان، هیوشی خواست ئەو ژمارەیەی پەنجە ماسی کە لە سەدد و بەنداوەکان دەکرێت، سەرەتا پارێزگاری لێبکرێت و تا گەورە دەبێت بۆ ئەوەی دواتر ئەو کەسانەی خوازیاری راوی ماسین بتوانن سوودی لێوەربگرن.

بەڕێوەبەری پڕۆژەی پەنجە ماسی لە هەولێر، ئاماژەی بەوەشدا، باشتر وایە نزیکەی هەفتەیەک بۆ 10 رۆژ نەهێڵدرێت بە هیچ شێوەیەک ئەو پەنجا ماسییانە راوبکرێن، بۆ ئەوەی تاوەکو لەگەڵ کەشی بەنداوەکە رابێن و مەترسی لەناوچوونیان لەسەر نەبێت، دوای ئەم 10 رۆژە ئاساییە دەست بکرێتەوە بە راوکردن.

رۆستەم کەریم، گوتی: "ئەم پەنجە ماسییانە دەبنە سەرچاوەی داهات بۆ ئەو کەسانەی کە بژێوی ژیانیان لەسەر راوکردنی ماسییە و دەرفەتێکی باشە بۆیان، هەروەها ئەو جۆرە پەنجە ماسییەی کە ئێمە هێناومانە بۆ ئەم بەنداوە لە جۆری ماسی کاربە، دەتوانێت لەم بەنداوە بژێت و گەورە بێت".

گوتیشی: "بۆ ساڵی داهاتوو پلانمان هەیە جۆری جیوازتری پەنجە ماسی بەرهەم بهێنین، وەکو گراس و سلڤەر، بۆ ئەوەی هاوسەنگییەک دروستبکرێت بۆ ئاوەکە و گاریگەری نەبێت لەسەر ئاوەکە، تاکوو وەک خۆی بمێنێتەوە".