حكوومه‌تی ئه‌ڵمانیا بۆ ده‌ستگیركردنی ته‌قه‌كه‌ران په‌نا ده‌باته به‌ر سوپا
K24 - هه‌ولێر:
دوای ئه‌وه‌ی رووداوێكی ته‌قه‌كردن له یه‌كێك له مۆڵه‌كانی شاری میونشنی ئه‌ڵمانیا روویدا و وه‌ك سه‌رچاوه فه‌رمییه‌كانی ئاماژه‌ی بۆ ده‌كه‌ن، به‌هۆیه‌وه شه‌ش كه‌س كوژراون.
ده‌سه‌ڵاتدارانی شاره‌كه‌ش به‌رزترین پله‌ی مه‌ترسییان راگه‌یاند و داواش له هاووڵاتییان ده‌كه‌ن، رێگه خێراكان بۆ چوونه ناو شار به‌كارنه‌هێنن و هه‌وڵیش بده‌ن له ماڵه‌كانییان بمێننه‌وه.
دوای ئه‌وه‌ی پۆلیس گه‌یشته شوێنه‌كه، رایگه‌یاند ژماره‌ی ته‌قه‌كه‌ران 3 كه‌سه و دواتر شوێنه‌كه‌یان جێهێشت، له ئێستاشدا حكوومه‌تی ئه‌و وڵاته په‌نای بردووه‌ته به‌ر سوپای ئه‌ڵمانیا بۆ ده‌ستگیركردنییان.
هه‌ندێك له سه‌رچاوه‌كانی هه‌واڵی ئه‌ڵمانیاش باس له‌وه ده‌كه‌ن، یه‌كێك له ته‌قه‌كه‌ره‌كان به چه‌كه‌كه‌ی ده‌ستی خۆی كوشتووه.
دوای رووداوه‌كه‌ش، باراك ئۆباما سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، هه‌ڵوێستی وڵاته‌كه‌ی نیشان و رایگه‌یاند، ئه‌وان تا ئێستا نازانن له ئه‌ڵمانیا چی رووده‌دا، به‌ڵام هاوكار و پاڵپشتی ئه‌ڵمانیا ده‌كه‌ن.
له‌م چوارچێوه‌یه‌دا پۆلیسی ئه‌ڵمانیا مه‌ترسی ئه‌نجامدانی هێرشی تیرۆریستی راگه‌یاند و هاووڵاتییانیش له‌و باره‌یه‌وه ئاگادار ده‌كاته‌وه.