35 ناوەندی کوردستانی لە دەرەوە: هەوڵدان بۆ پارچەکردنی نەتەوەکەمان بە توندی رەتدەکەینەوە

K24 – هەولێر:

35 فدراسیۆن و کۆمەڵە و رێکخراوی کوردستانی لە دەرەوەی وڵات لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا، ئیدانەی پەرتەوازەکردنی کورد و کوردستان دەکەن و رایانگەیاندووە، هەوڵدان بۆ پارچەکردنی زیاتری نەتەوەکەمان بە توندی رەتدەکەینەوە و دژی دەوەستینەوە.

لە پەیامەکەدا هاتووە، لە رۆژانی (22-23ـی تەمموزی 2023)، لە شاری لۆزانی وڵاتی سویسرا، لەلایەن کەنەکە و هەندێ لایەنی دیکە، لەژێر تایتڵی کوردستانیدا،  کۆنفراسی 100 ساڵەی لۆزانیان بەست. هەموو چالاکییەک بۆ دژ وەستان و سەرکۆنەکردنی پەیماننامەی لۆزان بەرز دەنرخێنین، بەڵام هەوڵدان بۆ پارچەکردنی زیاتری نەتەوەکەمان بە توندی رەتدەکەینەوە و دژی دەوەستینەوە.

هەروەها ئاماژەیان بەوەشکردووە، "لە کاتێکدا رەوەندی کوردستانی و کۆمەڵە و رێکخراوە کوردستانییەکانی دیکە لە شارەکانی جنێف و لۆزانی وڵاتی سویسرا، خۆپیشاندانیان دژ بە 100 ساڵەی پەیماننامەی لۆزان لە بەردەم بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکان بەڕێوەدەبرد، ئاڵای کوردستانیان دەشەکاندەوە، لە هەمان کاتدا، لە کۆنفڕانسەکە ئاڵای کوردستان تەنیا وەک ئاڵای باشوور نیشان دەدرا و، ئاڵا حزبییەکانی دیکە بۆ باکوور و رۆژئاوا و رۆژهەڵات دەستنیشان کرابوون".

ئەو ناوەندە کوردستانییانەی دەرەوەی وڵات باسیان لەوەشکردووە، "سەدان هەزار کورد و کوردستانی،  پێشمەرگەئاسا لەژێر ئەو ئاڵایەدا گیانیان بەخشیوە و بوونەتە قوربانی، ئاڵایەک کە بە خوێنی کچان و کوڕانی کوردستان لە هەر چوار پارچەی کوردستان نەخشابێت و، هێمایەک بێت بۆ ئازادیی و سەربەخۆیی و بەرخودان و خۆنەچەماندن، بەو جۆرە سووکایەتی پێبکرێت و وەک ئاڵای تەنها بەشێکی وڵات نمایش بکرێت، جێگەی قبوڵکردن نییە و بە توندی دژی دەوەستینەوە، ئەم جۆرە کردارە نا نەتەوەییانە، سەلمێنەری ئەوەن کە ئامانج لێیان زیاتر پەرتکردنی کوردە، نەوەک کۆکردنەوە و داکۆکیکردن لە گەلی کورد و کوردستان".

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا باس لەوەشکراوە، بەکارهێنانی دەستەواژەی "گەلانی کوردستان" ئاماژەیەکی دروست و روونە بۆ بە جیاوازی نیشاندان و لەتکردنی کوردستان. بۆیە بە دروشمی باق و بریق داکۆکی لە پرسی نەتەوەیمان ناکرێت.

هەروەها ئەو کۆمەڵە و رێکخراوە کوردستانییانەی ناویان لە خوارەوە هاتووە، ئەو جیاکارییە ئیدانە دەکەن، و بە بەشێک لە "پیلانگێڕی ناحەزان و داگیرکارانی کوردستانی دەزانن"، چونکە ئاڵای کوردستانیان تەنها بە کوردستانی باشووریانەوە بەستۆتەوە، جەخت لەسەر ئەوەش دەکەنەوە، "ئاماژەیەکی روونی دابەشکارییەکی دیکەی کوردستانە بە دەستی ئەو لایەنانە، کە بە لای کوردستانیان و خەمخۆرانی نەتەوە و نیشتمانەوە جێی قبوڵکردن نییە".

ناوی ناوەندە کوردستانییەکانی دەرەوەی وڵات:

1. کۆنفیدراسیۆنی رەوەندی کوردستانی (30 ناوەندی رەوەندی کوردستانی)

2. فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکان لە نەرویج

3. کۆمەڵگەی کوردی سیگن ئی. ڤ

4. فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکان لە سوید

5. فیدراسیۆنی کۆمەڵە کوردییەکان لە ئەڵمانیا

6. کۆمەڵە کوردستانییەکان لە ئەوروپا

7. فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی کۆمەڵە کوردییەکانی یەکێتی سۆڤیەتی پێشوو (قیرغیزستان)

8. پلاتفۆرمی کورد لە هامبۆرگ

9. کۆمەڵەی دۆستایەتی کورد و ئەڵمانیا لە بەرلین

10. کۆمەڵەی یەکگرتووی کوردان لە ئوسترالیا

11.  رەوەندی کوردی لە دیاسپۆڕا - یۆنان

12. کۆمەڵەی خۆییبوون - بۆن

13. رەوەندی کوردستانی – وۆڵفسبورگ

14.  ئەنجوومەنی کورد لە ئەڵمانیا

15. پەیمانگای کوردناسی

16. ناوەندی کوردی یپنان بۆ گەشەپێدان

17. هاوپشتی ژنانی کورد لە سووریا

18. پایسکیل سوارانی کورد لە فینلاند

19. یەکێتی ژنانی کوردستان لە ئەڵمانیا

20. کۆمەڵەی کرێکارانی کوردستان لە سویسرا

21. یەکێتی ژنانی دیموکراتی کوردستانی ئێران

22. ئەنجوومەنی ناوەندی کورد لە ئەڵمانیا

23. بازنەی دۆستانی کورد لە بەلجیکا

24. کۆمەڵەی رۆشنبیری و هونەری کوردی لە سوید

25. کۆمەڵەی کوردانی کازاخستان / بەربانگ

26. کۆمەڵەی دۆستایەتی کورد و رووسیا / ئاراس

27. کۆمەڵەی کوردانی قیرغیزستان / میدیا

28. کۆمەڵەی دۆستایەتی کورد و رووسیا لە ئێسێنتوکی / قەوقاز

29. کۆمەڵەی دامەزراوەی لالێس لە گراسنادار

30. کۆمەڵەی هاوپشتی کورد و ڕووسیا لە مۆسکۆ

31. کۆمەڵەی کوردانی ئەڵمانیا لە NRW e.V

32. ئەنجوومەنی ئێزدییەکانی سووریا

33. رێکخراوی ژنانی ئازادی کورد لە سووریا

34. کۆمەڵگەی ئێزدی-ئەوروپی

35. سەنتەری لالش ئەڵمانیا