کەی بەهار لەبەردەم کۆشکی رۆمینێ لۆزان داوای رێزگرتن لە مافی رەوای کورد دەکات

K24 – هەولێر:

کەی بەهار وەک دەرهێنەری ناسراوی کورد، لەگەڵ رەوەندی کوردی لە هەندەران، بە ئاڵای کوردستانەوە رێپوانێکیان بۆ بەردەم کۆشکی رۆمینێ لە لۆزان ئەنجامدا و دروشمی سڕینەوەی پەیمانی لۆزانیان بەرزکردەوە و داوای مافە رەواکانی کوردییان گەیاندە گەلانی ئەوروپا و سڕینەوە و کۆتایی هێنان بەو پەیماننامەیە، رێزگرتنە لە خەبات و فەرهەنگ و کولتوری نەتەوەی کورد، کە سەدان ساڵە تێنووی ئازادی و ناسنامەی گەلەکەیەتی و ئاشتی بووەتە ناونیشانی کوردبوونیان.

کەی بەهار لەبەردەم کۆشکی رۆمینێدا بۆ کوردستان24 دوا و گوتی: بەڵێن بێت فیلمێکی سینەمایی سەبارەت بە لۆزان و ئازاری میللەتەکەم وێنە بگرم، چونکە ئێمە لە هەموو قۆناغەکانی مێژوودا لە هەوڵی ئازادی و ئاشتەوایی دا بووینە، هەرگیز جەنگمان هەڵنەبژاردووە، چونکە ئێمەی کورد عاشقین بە کولتور و فیلم و مۆسیقا و ژیان لە کوردستان بە ئازادییەک رەها.

24ی تەمموزی ئەمساڵ 100 ساڵ بەسەر واژۆکردنی پەیماننامەی لۆزان لەلایەن وڵاتە براوەکانی جەنگی جیهانی یەکەم و تورکیا تێدەپەڕێت.

لۆزان، یەکەم پەیماننامە نەبوو کە لە دژی کورد واژۆ کرابێت، پێشتر لە سەروبەندی جەنگی جیهانی یەکەم، کاتێک دەسەڵاتی عوسمانی لاوازببوو، فەرەنسا و بەریتانیا لە ساڵی 1916 پەیماننامەی سایکس بیکۆیان واژۆکرد و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان کرد بە دوو زۆن، دواتریش پەیماننامەی سیڤەر کە دانی بە بەشێک بە مافەکانی گەلی کورددا دەنا، بەڵام پەیماننامەی لۆزان لە 24/7/1923، هەموو خەون و ئاواتەکانی کوردی لەو سەردەمە لە گۆڕنا.