چوارەم خولی سینەمای کوردی لەژێر ناوی یه‌ڵماز گونەی بەڕێوەدەچێت

K24 – هەولێر:

وەك ساڵانی رابردوو لە 9-9-2023 خولی چوارەمی"یاد و ئاهەنگ"ـی رۆژی سینەمای کوردی لە پایتەختی رۆشنبیری شاری سلێمانی بەڕێوەدەچێت.

بۆ ئەمساڵیش چەندین بڕگەی هەمەجۆر لەخۆوەدەگرێت و بۆ ماوەی چوار رۆژ بەردەوام دەبێت، بەمجۆرە:

یەکەم: چاپکردنی 16 کتێبی تایبەت بە سینەمای جیهانی و کوردی و عەرەبی. ناوەرۆکی پەڕتوکەکان هەمەجۆرن لەناویاندا سێ بەرگی مێژووی سەد ساڵەی سینەمای جیهان هەیە.

پەرتووک لەسەر رەخنەی سینەما و سینەمای ئەحمەد بەدرخان و عەلی بەدرخانی کوڕی و میوزیکی فیلم و توێژینەوەی زانستی کە  نامەی ماستەرن تایبەت بە سینەمای کوردی..هتد.

دووەم: چاپکردنی چوار پۆستەرە ساڵنامەی یه‌ڵماز گونەی، کە بە درێژایی مێژووی سینەمای جیهان ئەم ساڵنامەیە یەکەمینە لەسەر هونەرمەندێکی سینەماکار دادەمەزرێت.

لە پۆستەرە ساڵنامەکانی ئەمساڵدا بەمجۆرە دابەشکراون: پۆستەرێك تایبەتە بە هونەرمەند ئەحمەد کایا.

پۆستەرە ساڵنامەی سێیەم تیابەتە بە گۆمی فێڵاو، کە شوێنێکی سروشتی و گەشتیارەیە دەکەوێتە سنوری باڵەکایەتی لە هەولێری پایتەخت.

پۆستەرێكی دیكه‌ تایبەتە بە هێزی نەرم، هونەر و کولتووری کوردی کە پێمان وایە سەرمایەی مانەوەی کورد و کوردستانە.

بڕگەی پۆستەرە ساڵنامە هەموو ساڵێک چوار دانەی هەمەجۆری لێ چاپ دەکرێت، هەموو ساڵێكیش چوار کەسایەتی بەر لە بڵاوکردنەوەی پۆستەرە ساڵنامەکان، پەردە لەسەر ساڵنامەکان لادەدەن و هەر یەك واژۆی خۆی لەسەر پۆستەرە ساڵنامەیەك دەکات و ناوی خۆی و رۆژی واژۆکردنەکەش دەنووسێت. دوای ئەوە هەریەك لەوانەی واژیان کردووە، دانەیەك لەو پۆستەرەی پێشکەش دەکرێت و بەمەش وا رادەگەیەنرێت کە پۆستەرەکان بڵاو بوونەوە.

ئەو پۆستەرانەش کە واژۆیان لەسەر دەکرێت، لە ئەرشیفی هاواری فیلم هەڵدەگیرێت تا ئەوکاتەی مۆزەخانەیەکی تایبەت بە یه‌ڵماز گونای دەکرێتەوەو دواتر لەوێ هەڵدەگیرێن.

سێیەم: بڕگەیەکی تر تایبەتە بە پێشانگەی پەڕتوکی سینەما و ئەدەبیاتی یه‌ڵماز گونای بە زمانی شیرینی کوردی ماوەی چوار رۆژ بەردەوام دەبێت، ئەمەش دووەم ساڵە و ساڵانە بە چاپکردنی پەڕتوکی نوێ درێژەی دەبێت.

چوارەم: بڕگەیەکی دیكه‌ تایبەتە بە زیادکردنی ئاشکرا تێیدا بۆ یەکەمجار لە کوردستاندا و بە ئامادەبوونی سەرمایەگوزار و هونەرمەند و هونەردۆستان، زیادکردنی ئاشکرا بۆ تابلۆیەکی یه‌ڵماز گونای دەکرێت، کە لەلایەن هونەرمەندێکی کوردەوە کێشراوە و لەو بڕگەیەدا تابلۆکە بە نرخێکی دیاکراو دەست بە زیادکردنی ئاشکرای دەکرێت کێ زۆرترینی پارەی بە  تابلۆکەدا، ئەوە تابلۆکە دەبێتە موڵکی ئەو.

هەر لەو بڕگەیەدا لەتاقیگە بە هەمان قەبارەی تابلۆکە 50٠ بە 70سم لەسەر بلۆك دانەیەك رادەکێشرێت و ئەو کەسەی تابلۆ ئۆرگیناڵەکە دەکڕێت، واژووی خۆی لەسەر ئەو کۆپیەی ئێمە دەکات و لای خۆمان دەپارێزرێت.

پێنجەم: کردنەوەی پیشانگایەکی تایبەتی کاریکاتێرە لەسەر یه‌ڵماز گونای.

شەشەم: بڕگەیەکی دیكه‌ تایبەت دەبێت بە پانێڵ لەسەر کەرتی سینەما و درما، کە باسکردنە لەسەر گۆڕینی ناو و ناوەڕۆکی وەزارەتی رۆشنبیری لە وەزارەتێکی بەکاربەرەوە بۆ وەزارەتێکی وەبەرهێن.

حەوتەم: ئەم بڕگەیەش تایبەت دەبێت بە راگەیاندنی ئاهەنگی دابەشکردنی خەڵاتی یه‌ڵماز گونەی.

بڕیارە یەکەم خەڵاتی ئەمساڵ بە فۆڕمە نوێیەکەیەوە بدرێت بە نووسەر و رۆماننووس و وەرگێڕی رەوانشاد ئەحمەد محەمەد ئیسماعیل، کە لە دوو ساڵی رابردوودا 9 پەرتووکی لە ئەدەبیاتی یه‌ڵماز گونای لەسەر داوای ئێمە لە تورکییەوە کردە کوردی و سەرقاڵی وەرگێڕانی رۆمانێکی تریش بوو، نیوەی تەواو کرد و ئەوەی تر مەرگ دەرفەتی نەدا تەواوی بکات، ئێمە نیازمان وایە تەواوی بکەین و لەپای ئەو کۆششە گەورەیە یەکەم خەڵات لەگەڵ راگەیاندنیدا بیبەخشینە گەوهەرەکەی وەرگێڕان.