هه‌وڵ بۆ پێكهێنانی حه‌شدی شه‌عبی كوردی "جاشی كوردی" ده‌درێت

دروستكردنی حه‌شدی كوردی له‌ كه‌ركووك
دروستكردنی حه‌شدی كوردی له‌ كه‌ركووك

K24 – كه‌ركووك:

له‌ دوای سێ ساڵ له‌ ئاوابوونی خۆری دروستبوونی هێزێكی حه‌شدی شه‌عبی كوردی (جاشی کوردی) له‌ سنووری گوندی چه‌خماخه‌ له‌ شاره‌دێی دوبز، له‌ ئێستادا هه‌نگاوێكی نوێ له‌ ئارادایه‌ بۆ دروستكردنه‌وه‌ی ئه‌و هێزه‌ و به‌شێوه‌یه‌كی فراوانتر له‌ سنووری كه‌ركووك.

ئه‌دهه‌م جومعه‌، دامه‌زرێنه‌ری حه‌شدی شه‌عبی كوردی (جاشی كوردی) تایبه‌ت به‌ كوردستان24 رایگه‌یاند، له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوودا ئه‌و هێزه‌ 150 كه‌سییه‌ی له‌ ساڵی 2020 له‌ سنووری كه‌ركووك دروست كرا، دووباره‌ پێكده‌هێنرێته‌وه‌ و ده‌ست به‌ ده‌وامكردن ده‌كه‌نه‌وه‌. گوتیشی، پێكهێنانه‌وه‌ی ئه‌و هێزه‌ سه‌ره‌تا و ده‌رگایه‌كه‌ بۆ ئه‌وه‌ی جاشی كورد بچێته‌ ناو ئه‌و هێزه‌وه‌.

زۆربه‌ی هاووڵاتیانی كورد له‌ كه‌ركووك سه‌باره‌ت به‌ دووباره‌ زیندووكردنه‌وه‌ی حه‌شدی شه‌عبی كوردی (جاشی كوردی)، بۆچوونێكی نه‌رێنییان هه‌یه‌ و رایده‌گه‌یه‌نن، دروستكردنی ئه‌و هێزه‌ هه‌نگاوێكی مه‌ترسیداره‌ له‌سه‌ر كه‌ركووك و سنووره‌كه‌، به‌تایبه‌ت كه‌ ره‌نگه‌ دواتر ئه‌و هێزه‌ به‌پێی ئه‌و فه‌رمانانه‌ی به‌سه‌ریدا ده‌سه‌پێندرێت، بكه‌وێته‌ ناو ململانێ ناوخۆییه‌كان.

له‌لای خۆیانه‌وه‌ پارته‌ كوردییه‌كان دروستكردنی حه‌شدی شه‌عبی كوردی (جاشی كوردی) له‌ كه‌ركووك ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌، به‌ڵام به‌دووریشی نازانن به‌هۆی په‌رته‌وازه‌یی كورد، دروستكردنی ئه‌و هێزه‌ سه‌ربگرێت و پاشانیش كۆنتڕۆڵكردنی ئه‌سته‌م بێت.

له‌وباره‌یه‌وه‌ ره‌سووڵ ره‌ئووف، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان به‌ كوردستان24ـی رایگه‌یاند، حه‌شدی شه‌عبی له‌ناوخۆیدا چه‌ندین باڵ و سه‌ركرده‌ی هه‌یه‌، دواتر حه‌شدی توركمانیشیان پێكهێنرا، ئێستاش كه‌ له‌ هه‌وڵی پێكهێنانی حه‌شدی كوردین (جاشی كوردی)، به‌ئه‌گه‌ری زۆر ئه‌وه‌یان بۆ ده‌چێته‌ سه‌ر.

كوردستان24 زانیویه‌تی له‌ چه‌ند رۆژی رابردوودا، ژماره‌یه‌ك فه‌رمانده‌ی حه‌شدی شه‌عبی كۆبوونه‌وه‌یه‌كیان له‌ سنووری كه‌ركووك ئه‌نجام داوه‌ بۆ پێكهێنانه‌وه‌ی حه‌شدی كوردی (جاشی كوردی)، كه‌ له‌ ئێستادا ژماره‌یان 150 كه‌سه‌ و ژماره‌كه‌ش زیاتر ده‌كرێت و باره‌گای سه‌ربازیش له‌ سنووری شوان و له‌یلان داده‌مه‌زرێنن و فه‌رمانی راسته‌وخۆش له‌ ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبییه‌وه‌ وه‌رده‌گرن.