دهۆک.. هاووڵاتییان پێشوازی لە رێککەوتنی هەولێر و بەغدا دەکەن

K24 – دهۆک:

رێککەوتنی هەولێر و بەغدا هاووڵاتییانی شاری دهۆک پێی دڵخۆش و گەشبینن، هاوکات چاوەڕێن دوای ئەم رێککەوتنە هەنگاوی جددی بهاوێژرێت بۆ ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بە شێوەیەکی بەردەوام، وەک خۆشیان دەڵێن، ئەم رێیکەوتنە دەبێتە هۆی بووژاندنەوەی کەرتی ئابووری شارەکەیان.

حەمید عادل، هاووڵاتیی شاری دهۆک، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، هەموو خەڵک حەز دەکات رێککەوتن هەبێت لە نێوان هەولێر و بەغدا بە تایبەت مووچەخۆران، بەهۆی ئەوەی ناردنەی شایستە داراییەکانی هەرێم دەبێتە مایەی سوود بۆ هەژارەکانیش، هەوەها بەهۆی ئەم رێککەوتنەش بازاڕەکانی کوردستان بە گشتی دەبووژێتەوە.

هاوکات زێرەڤان هاووڵاتییەکی دیکەی شاری دهۆکە، بۆ کوردستان24ـی گوتی: "ئەگەر مووچە لەکاتی خۆیدا دابەشبکرێت، خەڵکی دەزانن چۆن بەرنامەکانی ژیانیان دابڕێژن و پێداوسیتییەکانی خۆیانی پێ دابین بکەن".

لەلایەن خۆیەوە، عەرەفات عەبدولرەحمان، دووکاندار، ئاماژەی بەوەدا، ئەگەر ئەم رێککەوتنە بچێتە بواری جێبەجێکردن، با دڵنیاییەوە لە سوودی هاووڵاتییاندا دەبێت، ئومێدەوارە بەزوویی جێبەجێ بکرێت بۆ ئەوەی بازاڕ ببوژێتەوە.

رۆژی چوارشەممە (26ـی تەمموزی 2023)، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "لە ئەنجامی پەیوەندی هەردوو سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات و دوای گەیشتنی شاندەکەش بۆ بەغدا راستەوخۆ دەست بە کۆبوونەوەکان کرا.

دوای ئەوەش کاتژمێر 1:30ـی بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە (27ـی تەمموزی 2023)، لە راگەیەندراوێکدا شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا رایگەیاند، سه‌باره‌ت به‌ جێبه‌جێكردنی یاسای بودجه،‌ به‌ مه‌به‌ستی ناردنی شایسته‌ داراییه‌‌كانی هه‌رێمی كوردستان و له‌گەڵ شاندی حکومەتی فیدراڵی گه‌یشتنه‌ رێکكه‌وتن له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی بڕگه‌كانی تایبه‌ت به‌ هه‌رێمی كوردستان لەیاسای بودجەدا و له‌و چوارچێوه‌یه‌شداكۆنووسێكی هاوبه‌ش له‌ نێوان هه‌ردوو شانده‌كه‌ واژۆ كرا و بڕیار وایه‌ ده‌ستبه‌جێ تەمویلی هه‌رێمی كوردستان بكرێت.