دەیڤد میلیباند: بەهۆی داخستنی سنوورەکانەوە دانیشتووانی باکووری رۆژئاوای سووریا لە دۆخێکی خراپدان

دەیڤد میلیباند، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری لیژنەی فریاگوزاری نێودەوڵەتی
دەیڤد میلیباند، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری لیژنەی فریاگوزاری نێودەوڵەتی

K24 – هەولێر:

لیژنەی فریاگوزاری نێودەوڵەتی (IRC) هۆشداری دەدات لە بارەی دۆخی چوار ملیۆن و 100 هەزار هاووڵاتی لە باکووری رۆژئاوای سووریا.

دەیڤد میلیباند، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری لیژنەی فریاگوزاری نێودەوڵەتی، داوای لە ئەنجوومەنی ئاسایش کرد هەموو هەوڵێک بدات بۆ ئەوەی پرۆسەی گەیاندنی هاوکاری بۆ باکووری رۆژئاوای سووریا رانەگیرێت و ئاماژەی بەوەشکرد، زۆربەی دانیشتووانی ناوچەکە پشت بە هاوکارییەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان دەبەستن و ئەگەر ببڕدرێن، کارەساتی مرۆیی روودەدەن.

هاوکات دەیڤد میلیباند روونیکردەوە، داوا لە ئەنجوومەنی ئاسایش کاری زیاتر بکات بۆ پابەندبوون هەموو لایەنەکان بە یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان و ڕێگەدان بە بەردەوامبوونی گەیاندنی هاوکارییەکان، نەک تەنیا لە باب ئەلهەوا، بەڵکو لە دەروازەکانی دیکەشەوە.

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری لیژنەی فریاگوزاری نێودەوڵەتی گوتیشی، هیچ بیانوویەک نییە بۆ داخستنی دەروازەی سنووریی لە عێراقەوە بۆ ناوچەکانی رۆژهەڵاتی سووریا، کە گرنگترین رێگەیە بۆ گەیشتن بە خەڵکی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا (رۆژئاوای کوردستان).

بەهۆی بوومەلەرزەکانی (6ـی شوبات و رۆژانی دواتر)ـی ئەمساڵ، کە چەند ناوچەیەکی تورکیا و سووریای گرتەوە، زیاتر لە پێنج هەزار هاووڵاتی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا گیانیان لەدەستدا و هەزاران کەسی دیکەش بریندار و بێ ماڵ و حاڵ بوون.

هەروەها بەگوێرەی ئامارەکانی ئافاد، نزیکەی شەش هەزار پەنابەری سووری بەهۆی بوومەلەرزەوە لە ناوچە جیاوازەکانی تورکیا گیانیان لەدەستدا.

لە سەرەتای مانگی ئاداری ئەمساڵیش، بانكی نێوده‌وڵه‌تی ، زیانەکانی بوومەلەرزەکەی 6ی شوباتی رابردووه، كه‌ بە گوڕی 7.8 پلەی رێكخته‌ر ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریای گرتەوە، بە 5.1 ملیار دۆلار مەزەندە کرد.

هەروەها نەتەوەیەکگرتووەکان لە مانگی ئایاری ئەمساڵ رایگەیاند، زیانەکانی سووریا بەهۆی بوومەلەرزەکەی مانگی شوباتەوە، دەگاتە نزیکەی نۆ ملیار دۆلار و راشیگەیاند، ناوچەکە پێویستی بە 15 ملیار دۆلاریش هەیە بۆ ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنانەوەی ژێرخانەکەی.