دژەتیرۆری کوردستان: فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیا پێنج چەکداری پەکەکەی لە شارباژێڕ کردە ئامانج

لۆگۆی دژەتیرۆری کوردستان
لۆگۆی دژەتیرۆری کوردستان

K24 – هەولێر:

دژەتیرۆری کوردستان رایگەیاند، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیا ئۆتۆمبێلێکی چەکدارانی پەکەکە لە دەڤەری شارباژێڕ کردە ئامانج و بەهۆیەوە چوار چەکدار کوژران و چەکدارێکی دیکەش بریندار بوو.

لە راگەیەندراوێکدا دژەتیرۆری کوردستان ئاماژەی بەوەکردووە، "ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 28ی تەمموزی 2023، کاتژمێر 20:00، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیا ئۆتۆمبێلێکی چەکدارانی پەکەکەی لە نزیک گوندی رەنگێنە لە دەڤەری شارباژێر لە پارێزگای سلێمانی کردە ئامانج و بەهۆیەوە 4 چەکدار کوژران و چەکدارێکی دیکەش بریندار بوو".

پێشتر شاهۆ عوسمان، قایمقامی شارباژێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە ئەنجامی بۆردومانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کە ئۆتۆمبێلێکی کردووەتە ئامانج، ئاگرێک لە ناوچەکە کەوتووەتەوە.

قایمقامی شارباژێر گوتیشی، لە ئەنجامی ئەو بۆردومانە، ئاگرێک لە ناوچەکە کەوتووەتەوە و تیمەکانی تەندروستی و بەرگری شارستانی و هێزە ئەمنییەکان چوونەتە شوێنی رووداوەکە لە گوندی رەنگێنەی سنووری ناحیەی چوارتا لە قەزای شارباژێڕی پارێزگای سلێمانی.

هاوکات سەرچاوەیەکی تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەو ئۆتۆمبێلەی لە سنووری شارباژێڕ بۆردومانکراوە، پێنج چەکداری سەر بە پەکەکەی تێدا بووە کە لە چوار ئافرەت و پیاوێک پێکهاتوون.

ئەمەش یەکەم جار نییە چەکدارانی پەکەکە لەو سنوورە دەکرێنە ئامانج، لە (4ی ئۆكتۆبه‌ری 2022) دژەتیرۆری کوردستان بڵاویکردەوە، فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیا لە ناحیەی زەلانی سەر بە قەزای شارباژێڕی پارێزگای سلێمانی ئۆتۆمبێلێکی چەکدارانی پەکەکەی کردە ئامانج، بەهۆیەوە دوو چەکداری پەکەکە کوژراون و چەکدارێکی دیکەش بریندار بوو.

لەلایەکی دیکەوە، ئەمڕۆ هەینی (28ـی تەمموزی 2023) میدیاکانی تورکیا ئاشکرایانکرد، دەزگای هەواڵگری تورکیا لە ئۆپراسیۆنێکدا (مەسعود جەلال عوسمان)ـی ناسراو بە زاگرۆس چەکدار،  بەرپرسی شنگالی پەکەکەیان کوشتووە.

رۆژی 13ـی ئەم مانگەش، عەقید زەکی ئاکتورک، بەرپرسی پەیوەندی و میدیای وەزارەتی بەرگری تورکیا لەکۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەمیانی ئۆپراسیۆنە بەردەوامەکانیان ئەمساڵ 813 چەکدار لەلایەن سوپای تورکیاوە کوژراون.

هەروەها ئەو بەرپرسەی وەزارەتی بەرگری تورکیا ئاماژەی بەوەشکرد، لە 24ـی تەمموزی ساڵی 2015ـەوە تاوەکو ئێستا، 38 هەزار و 156 چەکدار کوژراون.

رۆژی (12ـی تەمموزی 2023) لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی لوتکەی سەرکردەکانی ناتۆ لە لیتوانیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا جەختی لەسەر بەردەوامی شەڕی وڵاتەکەی لە دژی تیرۆر دووپاتکردەوە.

رۆژێک پێش ئەو لێدوانەی ئەردۆگانیش، جەیک سولیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمه‌ریکا رایگەیاند، جۆ بایدن سەرۆکی ئەمه‌ریکا هیچ مەرجێکی بۆ پێدانی فڕۆکەی ئێف شازدە بە تورکیا نییە و دەیەوێت ئەو پرسە لەگەڵ کۆنگرێسی وڵاتەکەی یەکلایی بکاتەوە.

سوپای تورکیا لە (18ـی نیسانی 2022)، ئۆپراسیۆنێکی لە رێگەی وشکانی و ئاسمانیەوە بەناوی "چنگ-قفڵ" بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی پەکەکە لە ناوچەکانی زاپ، مەتین و ئاڤاشین دەستپێکردووە.

له‌ (16ـی حوزەیرانی 2020)ـەوە سوپای توركیا هاتە ناو خاكی عێراق و له‌ سنووری باتیفای سه‌ر به‌ قه‌زای زاخۆ ئۆپراسیۆنێكی به‌ ناوی "چنگی هه‌ڵۆ" دەستپێکرد و 20 بنكه‌ی سه‌ربازی داناوه‌ و به‌ قوڵایی 14 كیلۆمه‌تر و به‌ پانی 30 كیلۆمه‌تر ناوچه‌كه‌ی گرتووه‌.

هه‌روه‌ها له‌ (24ـی نیسانی 2021) سوپای توركیا ده‌ستی به هەڵمەتێکی سه‌ربازی كرد له‌ سنووری ناحیه‌ی كانی ماسی له‌ قه‌زای ئامێدی و ناوچه‌كه‌ی خستووه‌ته‌ چوارچێوه‌ی ئۆپراسیۆنی چنگی برووسكه‌ و نۆ بنكه‌ی سه‌ربازی داناوه‌ و به‌ قوڵایی شەش كیلۆمه‌تر و پانتایی 10 كیلۆمه‌تر له‌ ناوچه‌كه‌یه.

پێشتریش لە (28ـی ئایاری 2019) ئۆپراسیۆنی چنگی دژ بە بارەگاکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان و ناوچە سنوورییەکان ئەنجامدابوو.

هەروەها لە (9ـی ئۆکتۆبەری 2019)، ئۆپراسیۆنی کانیاوی ئاشتی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان و باکووری سووریا دەستپێکرد و چەندین کیلۆمەتر سنووری ئەو وڵاتەی بەزاند.