لە هەڵەبجە تەقە لە هێزەکانی ئاسایش کرا
K24 – هەڵەبجە
ژمارەیەک ماتۆڕسوار لە هەڵەبجە تەقە لە هێزەکانی ئاسایش دەکەن و کارمەندێکی ئاسایش گیانی لەدەستدا.
سەرچاوەیەک بە کوردستان24ی راگەیاند، شەوی رابردوو هێزەکانی ئاسایش وەک شەوانی دیکە مەفرەزەکانیان بەنێو شاری هەڵەبجەدا بڵاوکردبووەوە، کۆمەڵێک ماتۆڕسوار کەوتوونەتە دوای مەفرەزەکانەوە، لەوکاتەدا مەفرەزەکانی ئاسایش داوای وەستان و پشکنینیان لێدەکەن یەکێک لە ماتۆڕسوارەکان تەقە لە ئاسایشەکان دەکات و کارمەندێکیان بە ناوی سۆران جەلال عەلی شاوەیس، بریندار دەبێت، دوا چەند ساتێک بەهۆی سەختی برینەکەی گیانی لەدەستداوە".
بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24 ئەو کارمەندەی ئاسایش کە کوژراوە تەمەنی 32 ساڵ خەڵکی سەیدسادقە و خێزاندارە.
کەسێکی نزیک لە کارمەندە کوژراوەکەی هەڵەبجە، بە کوردستان24ی گوت: "سۆران کێشەی لەگەڵ هیچ کەسێک نەبووە، شەوی رابردوو دەرچووانیان هەبووە بۆ خورماڵ و عەبابەیلێ، لەوێ بووەتە شەڕ تەقە لەگەڵ ژمارەیەک ماتۆڕسوار".
گوتیشی: "دوای شەڕە تەقەکە سۆران بریندار بووە و بۆ چارەسەر رەوانەی سلێمانی کراوە، بەڵام بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە، ئێستا تەرمەکەی لە پزیشکی دادی سلێمانییە".
بەپێی بە دواداچوونەکانی کوردستان24، ماتۆڕسوارەکە لە هێزەکانی دژەتیرۆری یەکێتییە.