پیاوێک لە سۆران دوو هاوسەری خۆی کوشت

دیمەنێکی ئەو ماڵەی پیاوێک دوو هاوسەرەکەی تێدا کوشتووە
دیمەنێکی ئەو ماڵەی پیاوێک دوو هاوسەرەکەی تێدا کوشتووە

K24 – سۆران

لە گەڕەکێکی قەزای سۆران، پیاوێک دوو هاوسەری خۆی کوشت.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کوردستان24ی راگەیاند، لە گەڕەکی کانی لە قەزای سۆران پیاوێک بە چەکی تاپڕ دوو هاوسەری خۆی کوشت.

شەماڵ دیواری گوتەبێژی پۆلیسی سۆران بە کوردستان24ی گوت: "ئەمرۆ رێکەوتی 29/7/2023، کاتژمێر 9:30 خولەکی  بەیانی ئاگادار کراینەوە، کە دوو ئافرەت بەهۆی بەکارهێنانی چەک بەرامبەریان گیانیان لەدەستداوە، دەستبەجێ ئەفسەری ئێشکگری بەشی پۆلیسی ناوشار لەسەر فەرمانی دادوەر گەیشتە شوێنی روداو، بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمی بەشی پۆلیسی بەڵگە و تاوانی سۆران هەردوو تەرمەکان گواسترانەوە بۆ پزیشکی دادی نەخۆشخانەی ئاشتی لە سۆران".

گوتیشی: "تۆمەتبار خۆی رادەستی بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی سۆران کرد، بەشی پۆلیسی چالاکی مەدەنیەکانی سۆران لەسەر فەرمانی دادوەر بەپێی مادەی 406  لە یاسای سزادانی عێراقی بەند کراوە".

گوتەبێژی پۆلیسی سۆران، راشیگەیاند: "تائێستا هیچ کەس سکاڵای لەسەر بکوژەکە تۆمار نەکردووە و ئەو دەنگۆیەش راست نییە کە دەگوترێت پێشتر ئەو کەسە پێشتریش لە پۆلیس سکاڵای لەسەر تۆمارکراوە".

چەند کەسێکی ئاگادار بە پەیامنێری کوردستان24یان گوتووە: "هەردوو هاوسەرەکە لەناو یەک خانوودا ژیاون و ئەو کەسەی تاوانەکەی ئەنجامداوە باری دەروونی ناجێگیر بووە".

ئەو دوو ژنەی لەلایەن هاوسەرەکەیانەوە کوژراون، پێشتر کێشەیان لەگەڵ یەکتر هەبووە و حەوت منداڵیان هەیە،

دەگوترێت تاوانبار دوای ئەنجامدانی تاوانەکە، خۆی رادەستی پۆلیس کردووە.