واتسئەپ تایبەتمەندییەکی هاوشێوەی سناپچات زیاددەکات

لۆگۆی واتسئەپ
لۆگۆی واتسئەپ

K24 - هەولێر

بەکارهێنەرانی واتسپاپ لەمەوبەدوا دەتوانن پارچە ڤیدیۆی 60 چرکەیی لە رێگەی ئەپڵیکەیشنەکەوە تۆماربکەن و بۆ هاوڕێکانیان بنێرن. ڤیدیۆکە کە نێردرا، ناتوانرێت دەستکاری بکرێت یان بۆ کەسێکی دیکە بنێردرێتەوە.

پێگەی ئەلیکترۆنی واتساپ کە لەلایەن کۆمپانیای 'مێتاوە' خاوەندارێتی دەکرێت، لە راگەیەندراوێکدا تایبەتمەندییەکی نوێی بۆ بەکار‌هێنەرانی ئەپڵیکەشنەکە راگەیاند و ئاماژەی بەوە داوە، بەکارهێنەران ئێستا دەتوانن هاوکات لەگەڵ ناردنی نامەی دەنگی، کورتە ڤیدیۆش تۆماربکەن و بۆ هاوڕێکانیان بنێرن.

 

تایبەتمەندییە نوێیەکەی واتسئاپ
تایبەتمەندییە نوێیەکەی واتسئاپ

 

کاتێک بەکارهێنەرێکی واتسئەپ بیەوێت لەرێگەی ئەپڵیکەیشنەکەوە کورتە ڤیدیۆکە تۆماربکات، دەتوانێت بە یەکجار کلیکردن لەسەر ئایکۆنی ناردنی نامەی دەنگی، شێوەی ئایکۆنەکە بۆ بژاردەی تۆمارکردنی کورتە ڤیدیۆ بگۆڕێت، ڤیدیۆکە تۆماربکات و بۆ هاوڕێکانی یان لایەنی بەرامبەر بینێرێت.

هەر بەکارهێنەرێک دەتوانێت بۆ ماوەی 60 چرکە (یەک خولەک) ڤیدیۆ تۆماربکات و ئەو پارچە ڤیدیۆیەی بۆ کەسێک دەنێردرێت، ناتوانرێت بۆ بەکارهێنەرێکی دیکە بنێردرێتەوە یان دەستکاری بکرێت. ئەمەش وەکو ئەوەی لە راگەیەنداروەکەدا هاتووە، بۆ پاراستنی زانیاری و تایبەتمەندی بەکار‌هێنەرانە و هاشێوەی هەمان ئەو تایبەتمەندییەیە کە لە سناپچاتدا هەیە.

لەلایەن خۆیەوە رۆژنامەی "زە سەن"ـی بەریتانی لەبارەی تایبەتمەندییە نوێیەکەی واتسئەپەوە بڵاویکردووەتەوە؛ ئێستا کار لەسەر ئەوە دەکرێت، تایبەتمەندییەکە بۆ هەموو بەکارهێنەران زیادبکرێت و "چاتکرن" لە نێوان بەکارهێنەراندا باشتر دەکات.

زیادکردنی ئەم تایبەتمەندییە لەلایەن پێگەی ئەلیکترۆنی واتسئەپەوە لە کاتێکدایە؛ رۆژی سێشەممە 23ـی ئایاری 2023، ئەپڵیکەیشنەکە تایبەتمەندی "دەستکاریکردنی نامە نێردراوەکان"ـی بۆ بەکار‌هێنەرانی زیادکرد و ئاماژەی بەوە دا،  بەکارهێنەرانی واتساپ دەتوانن لە ماوەی 15 خولەکدا ئەو نامانە چاکبکەنەوە کە ناردوویانن.

واتسئەپ پێگەیەکی ئەلیکترۆنی بەکۆدکراوی پەیوەندیکردن و نامە ئاڵۆگۆڕکردنە، بەشێکە لە کۆمپانیای مێتا کە لەگەڵ واتسئەپ خاوەندارێتیی هەریەکە لە فەیسبووک و ئینستاگرامیش دەکات. بە گوێرەی دوایین ئامارەکان، پێگە ئەلیکترۆنییەکە ئێستا زیاتر لە دوو ملیار بەکارهێنەری هەیە.