بەراز جووتیارانی گەرمیانی هەراسان کردووە

K24 – گەرمیان
بەراز، زیانێکی زۆری بە بەرهەمی کشتوکاڵی کفری گەیاندووە، پۆلیسی دارستانی گەرمیان داوای دوورخستنەوەی بەرازەکان دەکات و دەڵێت: کەس بۆی نییە بەرازەکان بکوژێت.
تادێت ژمارەی بەراز لە سنووری چەند گوندێکی شارۆچکەی کفری زیاد دەکات، ئەمەش بووەتە ھۆی ئەوەی زیانێکی زۆر بە کشتوکاڵی جووتیارەکانی ئەو گوندانە بگەیەنن، پۆلیسی دارستانی گەرمیانیش دەڵێ: "داوامان لە سەرووی خۆمان کردووە، بۆ ئەوەی چارەسەرێك بۆ دوورخستنەوە بەرازەکان بکرێت.
ئاسۆ جەلال، جووتیارێکی دەڤەری گەرمیانە بە کوردستان24ی گوت: "زەرەر و زیانی بەراز وای لێمان کردووە واز لە کشتوکاڵەکەمان بێنین، چونکە رۆژانە دێنە ناو کشتوکاڵمان".
لەبارەی دۆزینەوەی چارەیەک بۆ رێگریکردن لەو زیانەی کە بەر جووتیاران کەوتووە، شوان محەممەد بەڕێوەبەری پۆلیسی دارستانی گەرمیان بە کوردستان24ی راگەیاند: "راستە جووتیاران زیانی زۆریانە بەرکەوتووە و پێمان گوتون کە لە چواردەوری زەوییە کشوکاڵییەکان پارێزگاری لە بەرهەمەکانیان بکەن و لەکاتی بوونی بەراز ئاگادارمان بکەنەوە".