پارتی و یەکێتی لەم هەفتەیەدا کۆدەبنەوە

پارتی و یەکێتی
پارتی و یەکێتی

K24 – هەولێر:

بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، لە چەند رۆژی رابردوودا، مەکتەبی سیاسی یەکێتی برووسکەیەکی بۆ مەکتەبی سیاسی  پارتی ناردووە و تێیدا داوای کۆبوونەوەی کردووە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24 کە لە سەرچاوەیەکی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان دەستیکەوتووە، پارتی وەڵامی برووسکەکەی یەکێتی داوەتەوە و ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ کۆبوونەوە.

بڕیار وایە ئەم هەفتەیە شاندێکی مەکتەبی سیاسی پارتی سەردانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بکات و درێژە بە کۆبوونەوەکانیان بدەن.

ئەم کۆبوونەوەیە دەبێتە سێیەم کۆبوونەوەی هەردوولا لە دوای پەسندکردنی پرۆژە یاسای بوودجەی عێراق.

سەرەکیترین تەوەر پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە کە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لەوبارەیەوە سەرقاڵی گفتوگۆیە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان.

پێشتر کوردستان24 ئاشکرایکردبوو، کە 25 شوباتی ساڵی داهاتوو پێشنیازکراوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.