سبەی پارتی و یەکێتی کۆدەبنەوە

شاندێکی یەکێتی لە دەباشان پێشوازی لە شاندی پارتی دەکەن - ئەرشیف
شاندێکی یەکێتی لە دەباشان پێشوازی لە شاندی پارتی دەکەن - ئەرشیف

K24 - هەولێر:

بڕیارە سبەی یەکشەممە (30ـی تەمووز) کاتژمێر 11ـی پێش نیوەڕۆ هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی لە سلێمانی کۆببنەوە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، کۆبوونەوەی سبەینێی هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی لە دەباشان بەڕێوەدەچێت.

لە چەند رۆژی رابردوودا، مەکتەبی سیاسی یەکێتی برووسکەیەکی بۆ مەکتەبی سیاسی  پارتی ناردووە و تێیدا داوای کۆبوونەوەی کردووە.

سەرچاوەیەک لە مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لەوبارەیەوە بە کوردستان24ـی راگەیاند، پارتی وەڵامی برووسکەکەی یەکێتی داوەتەوە و ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ کۆبوونەوە.

ئەم کۆبوونەوەیە دەبێتە سێیەم کۆبوونەوەی هەردوولا لە دوای پەسندکردنی پرۆژە یاسای بوودجەی عێراق.

سەرەکیترین تەوەر پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە کە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان لەوبارەیەوە سەرقاڵی گفتوگۆیە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان.