بردنە دەرەوەی کارتی بانکی بۆ دەرەوەی وڵات کێشەی بۆ بانکی ناوەندی دروستکردووە

kurdistan24.net

K24 - هەولێر

بردنی کارتی بانکی بۆ دەرەوەی وڵات بووەتە کێشەیەکی تر لە بەردەم بانکی ناوەندی عێڕاق، رۆژانە هەزاران کەس بازرگانی بە کارتی بانکییەوە دەکەن، دۆلار دەبەنە دەرەوە کە ئەمەش کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر کەمبوونەوەی دۆلار دروستکردووە لە بازاڕەکانی عێراق و دانەبەزینی دۆلار بەرامبەر بە دینار، لە هەرێمی کوردستانیش بەشێک لە هاوڵاتییان فێڵیان لێکراوەو بە ناوی ئەوانەوە کارتی بانکی دروستکراوەو لە دەرەوەی وڵات بازرگانیان پێکردووە.

غەریب سەربەست، هاووڵاتییەکی دانیشتووی هەولێرەو لە لایەن نزیکترین هاوڕێکانییەوە فێڵی لێکراوە، بێ ئەوەی پێی بزانێت هاوڕێکانی بە ناوی ئەوەوە هەژماری بانکیان کردووەتەوە و لە دەرەوەی وڵات بازرگانیان پێکردووە، بۆ راکێشانی دۆلار .ئەو دەڵێت: "منیان فریوداوە و پێیان نەگوتوم بۆ کارتی بانکییە، نەمزانی بەکارم دێنن بۆ مەرامی خۆیان، ترسم لەوە هەیە لە داهاتوودا لێپرسینەوەم لەگەڵ بکرێت".

پرسی بردنی کارتی بانکی بۆ دەرەوەی وڵات بووەتە سەرئێشەیەکی نوێ لە بەدەم بانکی ناوەندی عێراق، ئێستا بەشێکی زۆری خەڵکی بە ناوی خزم و دۆست و کەسوکاریانەوە، هەژماری بانکی دروست دەکەن، بۆ بەرژەوەندی خۆیان لە ڕێی کارتە بانکییەکانەوە دۆلار دەبەنە دەرەوە، ئەمەش یەکێک لە هۆکارەکانی کەمبوونەوەی دۆلارە لە بازاڕەکانی عێراق و دابەزینی دینارە بەرامبەر دۆلار.

بەشێک لەو کارەی گرووپە بازرگانییەکان لە رێگەی کۆمپانیا گەشتیاریەکانەوە کراوە، هەندێکیان بەڵگەنامەی هاووڵاتیانیان بە ناوی دەرهێنانی ڤیزاوە بردووە و ماستەر کارتیان پێ دروستکردووە و لە ڕێگەیەوە دۆلاریان بردووەتە دەرەوە، کە پسپۆڕان بە مەترسی و دەرکەوتنی کاریگەرییەکانی ئەم کارە لە داهاتوودا دەگەڕێننەوە.

هەرێم رێبوار، شارەزای دراوەکان بە کوردستان24ی گوت: "بردنەوە دەرەوەی کاریگەری لەسەر کۆی گشتی ئابووری عێراق هەیە، پارە هەم دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی سیولە بانکی ناوەندی عێراق ناتوانێت بەهای دۆلار دابەزێنێ، هەروەها ئەو کەسانەی کارتەکەیان بەناوە و مامەڵەی پێوە کراوە تووشی لێکۆڵینەوەی یاسایی دەبنەوە".

لە هەرێمی کوردستان سەدان هاووڵاتی خاوەنی ئەم کارتە بانکییەن، بێ ئەوەی پێی بزانن، گرووپە بازرگانیەکان بە ناوی هاووڵاتیانەوە دۆلار دەبەنە دەرەوە، هەرچەندە بانکی ناوەندی عێراق زۆر رێکاری گرتەبەر و دەیان بانکی بلۆک کرد، کە تۆمەتباربوون بەوەی دۆلاریان بردبێتە دەرەوە، بەڵام تا ئێستا نەتوانراوە ئەو گرووپە بازرگانیانەی لە رێگەی کارتی بانکییەوە دۆلار دەبەنە دەرەوە کۆنتڕۆڵ بکرێت.