عەبدولسەلام بەرواری: کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەتوانێت شوباتی داهاتوو هەڵبژاردنی پەرلەمان بەڕێوەببات

K24 - هەولێر

ئەندامێکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەتوانێت لە مانگی شوباتی ساڵی 2024 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەببات و پێی وایە کۆمیسیۆنەکە هەر لە ئێستاوە ئامادەکاری بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکە کردووە.

ئەمڕۆ شەممە 29ـی تەممووزی 2023، عەبدولسەلام بەرواری، ئەندامی پێشووی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی دیاریکردنی وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە، میوانی بووڵتەنی "ئەمڕۆ"ـی کوردستان24 بوو.

کاتژمێر 1:30ـی بەرەبەیانی رۆژی پێنجشەممە (27ـی تەمموزی 2023)، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند: "سه‌باره‌ت به‌ جێبه‌جێكردنی یاسای بودجه،‌ به‌ مه‌به‌ستی ناردنی شایسته‌ داراییه‌‌كانی هه‌رێمی كوردستان و له‌گەڵ شاندی حکومەتی فیدراڵی گه‌یشتنه‌ رێکكه‌وتن له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی بڕگه‌كانی تایبه‌ت به‌ هه‌رێمی كوردستان لەیاسای بودجەدا و له‌و چوارچێوه‌یه‌شداكۆنووسێكی هاوبه‌ش له‌ نێوان هه‌ردوو شانده‌كه‌ واژۆ كرا و بڕیار وایه‌ ده‌ستبه‌جێ تەمویلی هه‌رێمی كوردستان بكرێت."

ئەو ئەندامەی پێشووی پەرلەمانی کوردستان ئەوەی خستەڕوو، رێککەوتنی ئەم دواییەی نێوان هەولێر و بەغدا و پەیوەندییە باشەکەی نێوان هەردوو سەرۆکوەزیرانی عێراق و هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی، دەرخەری ئەو راستیەیە، کە کەشێکی نوێ و  ئەرێنی لە نێوان سەرکردە سیاسییەکاندا لە بەغدا هاتووتە ئاراوە.

لە بەغدا وەکە ئەوەی عەبدولسەلام بەرواری باسی دەکات، تا ئێستا تێگەیشتن لە فیدراڵییەت و رێکخستنی پەیوەندییەکان نەگەیشتووەتە ئاستی پێویست، بەڵام پێیوایە لەم کۆتاییەدا بچووککردن و پارچە پارچەکردنی کێشەکان باشترین رێگە بووە بۆ چارەسەرکردنیان و گەیشتن بە رێککەوتن.

عەبدولسەلام بەرواری ئاماژەی بەوەش کرد، پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی عێراق بۆ ساڵانی دارایی 2023، 2024 و 2025 "بەپێی عەقڵییەتی کۆن" دارێژراوە، چونکە وەکو خۆی باسی دەکات، لە پڕۆژەیاساکەدا هاتووە، "پارە دەچێتە سەر هەژماری حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەگەر پابەندی ژمارەیەک مەرج بووە، واتا دەتوانن یەکێک لەو مەرجانە بکەنە بیانوو بۆ نەناردنی پشکی مانگانەی بودجە و مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان".

بەپێی زانیارییەکانی کوردستان24، سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان پێشنیازیکردووە رۆژی 25ـی شوباتی 2024 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامبدرێت و بڕیاریش وایە شاندێکی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئەو مەبەستە سەردانی حزب و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بکات و ئەو پرسەیان لەگەڵ تاوتوێ بکات.

ئەو ئەندامەی پێشووی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە مانگی شوباتی ساڵی داهاتوو و سەردانی شاندێکی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەو مەبەستە بۆ لای لایەنە سیاسییەکان، دەڵێت، "هەر ئەو لایەنانە بوون ساڵ و نیوێک بوو نەیاندەهێشت هەڵبژاردن ئەنجام بدەین. ئێستا بەهۆی ئەوەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق هەڵبژاردنەکە بەڕێوەدەبات، بیانووکانی ئەنجامنەدانی هەڵبژاردن کەمتربوونە".

عەبدولسەلام بەرواری پێی وایە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەتوانێت مانگی شوباتی 2024 هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەببات، چونکە وەکو خۆی گوتی، بەهۆی ئەوەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەناچێت و هەر سێ لقی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە هەرێم بێ کارن، "پێموایە کۆمیسیۆنەکە لە ئێستاوە ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کردووە و دەتوانێت مانگی شوباتی 2024 بەڕێوەیببات".

لەبارەی سەردانی بەشێک لە سەرۆک حزبە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بە جیا بۆ بەغدا و کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق و بەرپرسە سیاسییەکانی دیکە؛ عەبدولسەلام بەرواری ئاماژەی روونیکردەوە، "ناکرێت سەرۆکی حیزبێک بم، وادەیەک بۆ سڵاوکردن یان چا خواردنەوە لەگەڵ سەرۆکوەزیران یان سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دابنێم، بێمە ماڵەوە بڵێم، وڵڵا باسی کێشەکانی هەولێر و بەغدا، ناردنی بودجەی فەرمانبەران و چارەسەرکردنی کێشەکانمان کرد و دواتر لە رێگەی میدیاکانی خۆیەوە بیکاتە دەستکەوت".

بەگوتەی عەبدولسەلام بەرواری، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بە هەموو سەرۆک حزبە سیاسییەکان راگەیاندووە، بەتەنها سەردانی نەکەن، چونکە بۆ بڕیاردان لەسەر هەر بابەتێک تەنها رای حزبێک وەرناگرێت، هەر بڕیارێک لە بارەی هەرێمی کوردستان بە راوێژ لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان دەدرێت و، پێی گوتوون، با سەردانی نەکەن و لەکاتی نەگرن.