فابریزیۆ رۆمانۆ لەبارەی داهاتووی ئێمباپێ وەڵامی کوردستان24 دەداتەوە

فابریزیۆ رۆمانۆ، رۆژنامەنووسی بەناوبانگی ئیتاڵی
فابریزیۆ رۆمانۆ، رۆژنامەنووسی بەناوبانگی ئیتاڵی

فابریزیۆ رۆمانۆ رۆژنامەنووسی بەناوبانگی جیهان لەبارەی داهاتووی ئێمباپێ لەم هاوینە وەڵامی کوردستان24 دەداتەوە و باشترین گرێبەستی ئەم هاوینەش ده‌ستنیشان دەکات.

فابریزیۆ رۆمانۆ رۆژنامەنووسی بەناوبانگی ئیتاڵی کە سەرچاوەی یەکەمی جیهانە لەبارەی دەنگۆ و هەواڵەکانی بازاڕی گواستنەوەی یاریزانان، لەبارەی داهاتووی کیلیان ئێمباپێ لە وەڵامی کوردستان24 دەڵێت: 'پێویستە چاوەڕێ بکەین، چونکە هێشتا ریاڵ مەدرید بڕیاری خۆی نەداوە'. دەشڵێت 'بە بۆچوونی خۆم چوونی ئیلکای گۆندۆگان بۆ بارسێلۆنا باشترین گرێبەستی ئەم هاوینەیە تاوەکو ئێستا'.

ئەڤین حوسێن، بێژەری کوردستان24: ئەم هاوینە ئێمباپێ چ بڕیارێک دەدات؟

فابریزیۆ رۆمانۆ: لەبارەی ئێمباپێ، نازانم، هێشتا ماوە ریاڵ مەدرید بڕیار بدات، بۆیە پێویستە چاوەڕێ بکەین و سەیر بکەین بزانین چی روودەدات.

ئەڤین حوسێن، بێژەری کوردستان24: بە بۆچوونی تۆ کام گرێبەست تاوەکو ئێستا لەم هاوینە باشترین گرێبەستە واژۆ کرابێت؟

فابریزیۆ رۆمانۆ: ئەمە پرسیارێکی زۆر زۆر گرنگە، پێموایە گرێبەستی ئیلکای گۆندۆگان لەگەڵ بارسێلۆنا باشترین گرێبەستە تا ئێستا، یاریزانێکی نایابە.

فابریزیۆ رۆمانۆ ساڵی 1993 لە شاری ناپۆلی لەدایکبووە، زمانەکانی ئیتاڵی، ئینگلیزی، ئیسپانی و پۆرتوگاڵی دەزانێت، لەوەتەی ساڵی 2011 وەکو رۆژنامەنووسی بازاڕی گواستنەوەی یاریزانانی تۆپی پێ کار دەکات، ساڵی 2012 لە کەناڵی سکای سپۆرتس دەستی بە کار کردووە، لە شاری میلانۆ لە ئیتاڵیا دەژی و لە رۆژنامەکانی گاردیان و CBS سپۆرت و کاوت ئۆفساید کار دەکات.

فابریزیۆ رۆمانۆ بەوە بەناوبانگە هەرکاتێک دەستەواژەی Here We Goـی بۆ هەر گرێبەستێک بەکارهێنا ئەوا واژۆکردنی گرێبەستەکە و چوونی ئەو یاریزانە بۆ یانەکە مسۆگەر دەبێت و خوێنەرانی لێی دڵنیا دەبنەوە و وەکو سەرچاوەیەکی بڕواپێکراو متمانەی تەواویان پێی هەیە، فابریزیۆ رۆمانۆ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان خاوەنی زیاتر لە 50 ملیۆن فانە، لە ئینستاگرام خاوەنی 21.2 ملیۆن فۆلۆوەرسە، لە فەیسبووک خاوەنی 11 ملیۆن فانە، لە یوتیوب خاوەنی نزیکەی دوو ملیۆن سەبسکرایبەرە، لە تویتەر خاوەنی 17.3 ملیۆن فۆلۆوەرسە.

ئه‌ڤین