بەهۆی تەقینەوەی کۆگایەکی یارییە ئاگرینەکان لە تایلەند، نۆ کەس گیانیان لەدەستدا

K24 – هەولێر:

بەرپرسێکی باڵای تایلەند راگەیاند، لە تایلەند کۆگایەکی یارییە ئاگرینەکان تەقیوەتەوە و بەهۆیەوە نۆ کەس گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە 100 کەسیش برینداربوون.

سونان پونگاکسۆرن، پارێزگاری ناراتیوات بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، "نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە کۆگایەک کە یارییە ئاگرینەکانی تێدا هەڵگیراوە لە سونگای کولوک لە باشووی پارێزگای نارتیوان تەقیوەتەوە و بەپێی دوایین ئامارەکان 9 کەس گیانیان لەدەستداوە و 115 کەسی دیکەش برینداربوون".

ئاماژەی بەوەشکرد، "ئێستا ئاگرەکە کۆنترۆڵکراوە، لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە هۆکاری ئاگرەکە بەهۆی هەڵەیەکی تەکنیکی روویداوە لەکاتی دروستکردنی باڵاخانەیەکدا، پرۆسەی لەحیمکردن بووەتە هۆکاری ئەو ئاگر کەووتنەوەیە.

دەزگای پەخشی تایلەندی (PBS) بڵاویکردەوە،  کە نزیکەی 500 ماڵ زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی تەقینەوەکە، کە لە شارۆچکەیەکی سنووری مالیزیا روویداوە.

 سیکسان تایسن، شایەتحاڵێکی رووداوەکەیە لە دووری 100 مەتر لە کۆگاکە دەژی، بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاندووە، "لە ناو ماڵەکەمدا سەرقاڵی مۆبایلەکەم بووم، لەناکاو گوێم لە دەنگێکی بەرز بوو  بەمهۆیەوە هەموو ماڵەکەم لەرزیەوە".

 تایلەند پێشینەیەکی خراپی هەیە لە سەلامەتی کەرتی بیناسازیدا و ئەم رووداوە کوشندانەش باون لە وڵاتەکەدا، هەروەها لە مانگی رابردوودا لە بانکۆک پردێک کە لە قۆناغی دروستکردندا بوو داڕوخا و بەمهۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەستدا.