سامان رەشید: پارتی ئامادەکاری تەواوی کردووە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک

سامان رەشید، بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووك
سامان رەشید، بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووك

K24 - هەولێر:

بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووك، رایدەگەیەنێت، لەگەڵ زۆرینەی لایەنە کوردییەکان گفتوگۆێان کردووە بۆ ئەوەی بتوانن لەچواجێوەی یەک لیستدایاخود دوو لیستدا بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پاریزگای کەرکووک بکەن، هاوکات گووتیشی: پارتی ئامادەکاری تەواوی کردووە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک.

سامان رەشید، بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووك، لە میانەی بەشداریکردن لە ژووری هەواڵی کوردستان24، رایگەیاند، وەک پارتی پێیان باشبووە زۆرینە لایەنە سیاسییەکان لەگەڵیان بەشداربن لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا.

هاوکات راشیگەیاند، وەک پارتی پێیان باشە سەرجەم لایەنە کوردییەکان لە چوارچێوەی یەک لیستدا کۆبکرێنەوە بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردن، یاخود بتوانن لەبری یەک لیست دوو لیستی بەهێز دروست بکەن بە دوو لیست بەشداری بکەن بۆ ئەوەی دەنگی کورد لەو ناوچانە پەرتەوازە نەبێت.

ئاماژەی بەوەدا، تا ئیستاش پارتی لەگەڵ لایەنەکان لە گفتوگۆکردن بەردەوامە بۆ چۆنیەتی بەشداریکردنی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا، سبەی وادەکەی کۆمیسیۆن کۆتایی پێدێت بۆ تۆمارکردنی لایەنە سیاسییەکان لە هەڵبژاردن، هیوادارن ئەو واددەیە درێژبکرێتەوە بۆ ئەوەی بتوانن بگەنە رێککەوتن.

بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووك ،باسی لەوەشکرد، کۆمەڵیک لایەنی سیاسی لە کەرکووک دید و تیڕوانیان لە پارتی نزیکە.

لەبارەی کۆبوونەوەی نێوان مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی، سامان رەشید، گوتی: "لە کۆبوونەوەی بەیانی لەگەڵ یەکێتی گفتوگۆ دەکەن لە پرسی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق".

بەرپرسی بەشی هەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووك، لە دریژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەشکرد، پارتی دیموکراتی کوردستان خوێندنەوەی تەواوی بۆ دۆخەکە کردووە و پلانی خۆیان داڕشتووە لەسەر چۆنیەتی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک و ئامادەکاری تەواویان کردووە، بۆ ئەوەی بتوانن زۆرترین کورسی بەدەست بهێنن و بۆ ئەوەی ئەنجوومەنێکی شەرعی و ئیدارەی شەرعی پێکبهێنن لە کەرکووک.

گوتیشی: ئەو ئیدارەی ئێستای کەرکووک سەپێندراوە و هەروەها جیاوازی لەنێوان نەتەوەکان دەکات، ئێمە وەک پارتی هەوڵدەدەین دۆخی کەرکووک ئاسایی بکەینەوە و سەقامگیری بکەین.

هەینی (28ـی تەمموزی 2023) مەسعود مەلا پەروێز، بەرپرسی پەیوەندییەکانی لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە میانەی بەشداریکردنی لە گەشتی دوا هەواڵی کاتژمێر 23ـی کوردستان24، رایگەیاند، وەک پارتی گەیشتوونەتە ئەوەی لیستێکی هاوپەیمانییەتی کەرکووکیانە دروست بکەن کە زۆبەی خەڵکی کەرکووک زۆربەی نەتەوەکان و نوێنەرانی ئایین و ئایینزادەکانی تێدا بێت، هەروەها گفتووگۆ کراوە لەگەڵ زۆرینەی لایەنە کوردییەکان بۆ هاوپەیمانییەتی لەو چەند رۆژەی داهاتوو وەڵامیان دەدەنەوە.

هاوکات راشیگەیاند، پارتی دیموکراتی کوردستان هەمیشە دەرگەی کراوە بووە بۆ هەر لایەنێک کە بێن هاوپەیمانییەتی لەگەڵدا ئەنجامبدەن، هەروەها زۆبەی لایەنەکان ئامادەییان نیشانداوە بۆ ئەوەی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان هاوپەیمانییەتی ئەنجامبدەن.

ئاماژەی بەوەشدا، لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک حەوت لایەن بۆ هاوپەمانییەتی لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەن.

بڕیارە لەرۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق جگەلە هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقیش لە 1ـی تەمموزەوە بۆ ماوەی یەک مانگ دەرگای تۆمارکردنی بۆ پارت و هاوپەیمانیەتییەکان کردووەتەوە.

هاوکات کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە رۆژی یەکشەممە (9ـی تەمموزی 2023) تاکو رۆژی دووشەممەی مانگی داهاتوو (7ـی ئابی 2023)، بنکەکانی تۆمارکردنی دەنگدانی کردووەتەوە بە مەبەستی نوێکردنەوەی داتای بایۆمەتری.

لەو هەڵبژاردنەدا،  23 ملیۆن و 367 هه‌زار و 81 كه‌س مافی ده‌نگدانیان هه‌یە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی 15 پارێزگای عێراق بە پارێزگاکانی کەرکووک و نەینەواوە، هەروەها کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاری دەکات بۆ کردنەوەی حەوت هەزار و هەشت بنکەی ده‌نگدان کە 47 هەزار و 655 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت.

رۆژی (20ـی ئاداری 2023)، پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ رۆژی 6ی تشرینی دووەمی ئەمساڵی وەک رۆژی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراقی پەسەندکرد.