وادەی تۆمارکردنی لیست و هاوپەیمانێتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان تەواو دەبێت

ئەرشیف
ئەرشیف

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ یەکشەممە 30/7/2023، کۆتا وادەیە بۆ تۆماکردنی لیست و هاوپەیمانێتییەکان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق.

لەوبارەیەوە جومانە غەلای گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، تا ئێستا نزیکەی 280 پارتی سیاسی و 24 هاوپەیمانێتی خۆیان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق تۆمارکردووە.

راشیگەیاند، لەو 24 هاوپەیمانێتییەی تۆمارکراون 15یان نوێن و نۆی دیکەشیان کۆنن.

وادەی تۆمارکردنی لیست و هاوپەیمانێتیییەکان لە 1/7/2023، دەستیپێکرد و بڕیارە ئەمڕۆ کۆتایی بێت.

هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق لە 18/12/2023 ئەنجام دەدرێت، لەسەر ئاستی عێراق 285 کەس بۆ ئەندامێتی ئەنجومەنی پارێزگاکان هەڵدەبژێردرێن.

پێشتر عیماد جه‌میل، سه‌رۆكی تیمی راگه‌یاندنی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق رایگەیاندبوو، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان 7008 ناوه‌ندی ده‌نگدان له‌ 47655 وێستگه‌دا داده‌نرێن.

ئاماژە بەوەشداوە، 23 ملیۆن و 367 هه‌زار و 81 كه‌س مافی ده‌نگدانیان هه‌بێت، به‌ڵام له‌و ژماره‌یه‌ 18 ملیۆنیان تۆماری دەنگدەرانیان نوێكردووه‌ته‌وه‌ و كارتی ده‌نگدانیان وه‌رگرتووه‌ته‌وه‌.

بە گوتەی سه‌رۆكی تیمی راگه‌یاندنی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق، لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان 250 هەزار کارمەند بەشداری سەر سندووقەکانی دەنگدان دەکەن.