بە درۆن هێرشکرایە سەر شاری مۆسکۆ

مۆسکۆ دوای هێرشە درۆنیەکە
مۆسکۆ دوای هێرشە درۆنیەکە

K24 - هەولێر:

سێرگی سۆبیانین، پارێزگاری مۆسکۆی پایتەختی رووسیا رایگەیاند، بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزەکانی سوپای رووسیا رێگریان لە چەند درۆنێک کردووە، کە ویستوویانە هێرشبکەنە سەر شاری مۆسکۆ.

پارێزگاری مۆسکۆ راشیگەیاند، لەکاتی رێگریکردن لە درۆنەکان، بەشێک لە کۆڵانەکانی مۆسکۆ زیانێکی کەمیان بەرکەوتووە.

ئاماژەی بەوەشداوە، ژمارەی ئەو درۆنانەی هێرشیانکردووەتە سەر مۆسکۆ سێ درۆن بوون و لەلایەن ئۆکرانیاوە ئاڕاستە کرابوون.

هاوکات، سوپای رووسیا لە پێگەی خۆی بڵاویکردەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ ئۆکرانیا بەبەکارهێنانی 25 درۆن هێرشیکردووەتە سەر نیمچە دوورگەی کریمیا و هێرشەکەیان تێکشکێندراوە.

لە 24ـی شوباتی 2022 سوپای رووسیا بە فەرمانی ڤلادیمێر پوتن لەشکرکێشی بۆ سەر خاکی ئۆکرانیا دەستپێدەکەن و لەوکاتەوە تا ئێستا، شەڕ و پێکدادان لەنێوان هێزەکانی ئەو دوو وڵاتە بەردەوامە.

لە شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا، جگە لە برینداربوون و کوژرانی هەزاران سەرباز و هاووڵاتی مەدەنی، ملیۆنان هاووڵاتی ئۆکرانی ئاوارەی وڵاتانی ئەوروپا و ناوچەکانی دیکە بوون.

لە دوای سەرهەڵدانی شەڕ لەنێوان رووسیا و ئۆکرانیا، نیمچە دوورگەی قرم و شارە رووسیەکان، چەند جارێک لە رێگەی درۆنەوە هێرشیان کراوەتە سەر.