رۆیتەرز: سرێدس زیاتر لە نیوەی بەکارهێنەرانی لەدەستداوە

سرێدس
سرێدس

K24 - هەولێر:

دوای ئەو هەرا گەورەیەی لە سەرەتای بڵاوکردنەوەی نایەوە، پلاتفۆڕمی سرێدس کە لەلایەن مێتاوە بۆ رکابەریکردنی تویتەر دروستکراوە، زیاتر لە نیوەی بەکارهێنەرانی لەدەستداوە و بەڕێوەبەرانی مێتاش بە چڕی کار لەسەر دووبارە راکێشانی سەرنجی هەمووان دەکەن بۆ بەکارهێنانی پلاتفۆڕمەکە.

بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی رۆیتەرز، مارک زوکەربێرگ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری مێتا لە کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ کارمەندەکانی باسی لەوە کردووە، سرێدس نیوەی زیاتری بەکارهێنەرانی لەدەستداوە.

وەک لە هەواڵەکەی رۆیتەرزدا ئاماژەی پێدراوە، زوکەربێگ لە کۆبوونەوەکەدا گوتوویەتی: بە دڵنیاییەوە، ئەگەر 100 ملیۆن کەس پلاتفۆڕمەکە بەکاربهێنن، ئەمە شتێکی زۆر باشە تەنانەت ئەگەر نیوە زیاتریشی لەنێو پلاتفۆڕمەکە بمێننەوە هەر باشە، بەڵام ئێمە هێشتا نەگەیشتووینەتە ئەو ئاستە".

بەڕێوەبەری جێبەجێکاری مێتا ئەم دابەزینەی خواستی بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بۆ مانەوە لە سرێدس بە شتێکی 'ئاسایی' لێکدەداتەوە و بەپێی قسەکانی، چاوەڕێ دەکات لەگەڵ زیادکردنی تایبەتمەندی نوێ بۆ سردێس، بەکارهێنەران دووبارە بەلێشاو بگەڕێنەوە نێو پلاتفۆڕمەکە.

یەکێک لەو تایبەتمەندیانەی باسی لێوە کراوە، دەستەبەرکردنی پلاتفۆڕمی سرێدسە لەسەر کۆمپیتەر لەگەڵ بەرزکردنەوەی توانای گەڕان و فلتەرکردن (search functionality).

بەشێک لە شارەزایانی بواری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، بەهۆی ئەو گۆڕانکارییانەی لەم دواییە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر کرا، بەکارهێنەرانی ئەو تۆڕە دڵخۆشن رووبکەنە بەکارهێنانی سرێدس کە هاوشێوەی تویتەرە بەڵام ئازادانەتر دەتوانن بابەت و پەیامەکانیان بڵاوبکەنەوە.

لە بەرامبەر ئەوەشدا، لیندا یەکارینۆ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری تویتەر رایگەیاند، دەکرێت لاسایی تویتەر بکرێتەوە بەڵام هەرگیز دووبارە ناکرێتەوە، وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی سرێدس ناتوانێت ببێتە جێگرەوەی تویتەر.

سرێدس رێگە دەدات بە بەکارهێنەرانی تاوەکو 500 پیت لە پەیامەکانیان بنووسن کە ئەمەش دوو هێندەی تویتەرە بەڵام لە زۆربەی تایبەتمەندییەکانی دیکەدا هاوشێوەن، لەگەڵ ئەوەشدا، بینینی پەیامە بڵاوکراوەکانی بۆ بەکارهێنەرانی سنووردار نەکردووە هاوشێوەی گۆڕانکارییە نوێیەکانی تویتەر.`

زوکەربێرگ ئاماژەی بەوەکردووە، کە دەیەوێت ژمارەی بەکارهێنەرانی سرێدس لە یەک ملیار تێپەڕێنێت و بێتە گەورەترین پلاتفۆڕمی گفتوگۆکردن لەسەر ئاستی جیهاندا و گوتی، "تویتەر ئەو دەرفەتەی هەبوو بەڵام نەیتوانی ئەوە بکات، هیوادارم ئێمە بتوانین ئەوە بکەین".