لە میسر دەوامی بەشێکی فەرمانگەکان رۆژێک دەکرێتە ئۆنڵاین

لە هەندێک پارێزگای میسر پلەی گەرما گەیشتووەتە سەرووی 50 پلەی سیلیزی
لە هەندێک پارێزگای میسر پلەی گەرما گەیشتووەتە سەرووی 50 پلەی سیلیزی

K24 - هەولێر

قەیرانی کەمی پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبا لە میسر سەریهەڵداوە و حکومەتی ئەو وڵاتەش بۆ کەمکردنەوەی ئەو خواستە زۆرەی لەسەر کارەبا هەیە، بڕیاریداوە بۆ ماوەی مانگێک دەوامی بەشێک لە فەرمانگەکان لە رۆژانی یەکشەممە بکاتە ئۆنڵاین.  

لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا پلەی گەرما لە قاهیرەی پایتەخت میسر گەیشتووەتە 40 پلەی سیلیزی و لە هەندێک پارێزگاکانی باشووری وڵاتەکەش گەیشتووەتە سەرووی 50 پلەی سیلیزی. بەهۆی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، خواست لەسەر کارەبا زۆر بووە و کێشەی کەمی پێدانی کارەبا لە میسر سەریهەڵداوە. بەگوێرەی میدیا ناوخۆییەکانی میسر، لە هەندێک رۆژ بۆ ماوەی زیاتر لە شەش کاتژمێر کارەبا لەسەر هاووڵاتیان دەبڕدرێت، ئەمەش نیگەرانیانی کردووە.

لە چوارچێوەی پلانی حکومەتی میسر بۆ کەمکردنەوەی بەکارهێنانی کارەبا لەلایەن هاووڵاتییان، فەرمانگە و دامەزراوەکانی سەر بە حکومەت؛ مستەفا مەدبولی، سەرۆکوەزیرانی میسر بڕیاریدا دەوامی فەرمانبەرانی ژمارەیەک فەرمانگەی حکومەت لە رۆژانی یەکشەممە بکرێتە ئۆنڵاین و فەرمانبەران لە ماڵەکانیانەوە کاری رۆژانەی فەرمانگەکانیان راییبکەن.

بڕیارەکەی سەرۆکوەزیرانی میسر رۆژی یەکشەممەی داهاتوو (6ـی ئابی 2023) دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و تا سەری ئەو مانگە بەردەوام دەبێت. ئەو فەرمانگە و دامەزراوانەی دەوامەکەیان لە رۆژانی یەکشەممە دەکرێتە ئۆنڵاین، پەیوەندی راستەوخۆیان لەگەڵ هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە نییە، بۆیە دەکرێت کاروبارەکان لە ماڵەوە راییبکرێن.

هاوکات مستەفا مەدبولی دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری کارەبا و وەزیری نەوت و گازی حکومەتەکەی، داوای لەو کۆمپانیایانەی میسر کرد، کە بە شێوەی نووسینگە کاردەکەن و بەرهەمیان نییە؛ رێگە بە کارمەندەکانیان بدەن لە ماڵەوە کارەکانیان راییبکەن، بۆ ئەوەی بارگرانی لەسەر کەرتی کارەبا کەمبکرێتەوە.

هەر لەو چوارچێوەیەدا و بە بڕیاری سەرۆکوەزیرانی؛ میسر سەرجەم یاری و چالاکییە وەرزشییەکانی ئەو وڵاتە پێش کاتی رۆژئاوابوون ئەنجامدەدرێن، واتا نابێت هیچ یارییەک لەکاتی شەودا ئەنجامبدرێت. ئەمەش بۆ ئەوەی کارەبا بۆ رووناکی یاریگەکان و خزمەتگوزارییەکانی دیکە بەکارنەهێندرێت.

سەرۆکوەزیرانی میسر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، قەیرانی پچڕان و کەمی پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبا بە هاووڵاتییان، ئەنجامەکەی بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما بووە و ئاماژەی بەوەش دا، وڵاتەکەی رۆژانە پێویستی بە 129 ملیۆن مەتر سێجا گازی سرووشتی و گازوایل هەیە بۆ ئەوەی کارەبای پێویست بەرهەمبهێنێت.

سەرۆکوەزیرانی میسر لە درێژەی قسەکانیدا رایگەیاند، "بەردەوام هەماهەنگی لە نێوان وەزارەتە جیاوازەکاندا هەیە بە مەبەستی چارەسەرکردنی قەیرانی کارەبا" و روونیشیکردەوە، "رێککەوتن کراوە بۆ ئەوەی لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوودا گازوایلی زیاتر بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا هاوردەبکرێت".

سەرۆکوەزیرانی میسر رەتیکردەوە پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبا لە ناوچە گەشتیاری و کەنار دەریاکانی ئەو وڵاتە کەمبکرێتەوە، چونکە وەکو خۆی گوتی، ئەو ناوچانە "سەرچاوەی داهاتی نیشتمانین". مەدبولی پێی وایە مانگی ئەیلوولی داهاتوو پلەکانی گەرما روو لە دابەزین دەکەن، بۆیە هیواخوازە ئەوکات کێشەی کەمی کارەبا چارەسەرببێت.