لە مەیدانی ئاژەڵانی سلێمانی لەسەر سەربڕینی ئاژەڵ کەسێک کوژرا

K24 – سلێمانی

سەر لەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 30/7/2023، لە مەیدانی ئاژەڵانی سلێمانی دوو کەس لەسەر سەربڕینی ئاژەڵ بووەتە شەڕیان و یەکێک ئەوەی دیکەی کوشتووە.

سەرچاوەیەک لە مەیدانی ئاژەڵانی سلێمانی بە کوردستان24ی راگەیاند، شەڕەکە لەسەر ئەوە روویدا کەسێک هاتە مەیدان بۆ ئەوەی ئاژەڵێکی بۆ سەر ببڕن، دوو کەس بوو بە دەمەقاڵەیان لەسەر ئەوەی کێ سەری ببڕێت، لەوکاتەدا یەکێک بە کێرد لەوەی تری داو گیانی لەدەستدا.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەو دوو کەسە هەردووکیان خزمی یەکترن و لە مەیدانی ئاژەڵان کاردەکەن.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە: "دوای ئەوەی کاتژمێر 9ی بەیانی ئەمڕۆ لەمەیدانی ئاژەڵانی شاری سلێمانی شەڕ و دەمەقاڵێ لەنێوان دوو كەسدا دروستبوو، لە ئەنجامدا كەسێك بە چەقۆ كوژراو تۆمەتباری رووداوەكە هەڵات".

پۆلیسی سلێمانی راشیگەیاندووە: "دوای گەیشتنی هێزەكانی پۆلیس بۆ شوێنی رووداوەکەو وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، كەشف و هێڵكاری بۆ شوێنی رووداوەكە كراو دوای لێكۆڵینەوەكان توانرا لەلایەن مەفرەزەکانی بنكەی پۆلیسی چوارچراو نەهێشتنی تاوانی سلێمانییەوە تۆمەتبار بدۆزرێتەوەو دەستگیربكرێت كە بەنیاز بوو بەرەو شاری هەولێر هەڵبێت. لە ئێستادا تۆمەتبار (خ،ح،ح ) بەبڕیاری دادوەرو بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عیراقی راگیراوەو لێكۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە".

وێنەی تۆمەتبار
وێنەی تۆمەتبار