ئێران سعوودیە بە باوكی ئەلقاعیدە و داعش ناو دەبات

K24 - ھەولێر

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بەھرام قاسمی لە وەڵامی گوتەكانی وەزیری دەرەوەی سعوودیە عادل جوبەیردا دەڵێ، جوبەیر لە ئێستادا سەرقاڵی پاككردنەوەی نیشانەكانی بەرپرسانی وڵاتەكەیەتی لە ھەوڵە تیرۆریستیە جیاوازەكاندا.

قاسمی دەشڵێ، جوبەیر بەو گوتانەی دەیەوێ ئاراستەی جیھان لەسەر كردارەكانی وڵاتەكەی كە باوكی ئەلقاعیدە و داعشە بگۆڕێ، قاسمی ھەروەھا گوتوشیەتی بەھۆی ئاشكرا بوونی بەڵگەكانی ھێرشەكەی 11ی سپتێمبەر جوبەیر رۆژانێكی سەخت تێدەپەڕێنێ بەھۆی ئەوەی وڵاتەكەی پشتیوانی تیرۆریزم دەكات. 

دوێنێ وەزیری دەرەوەی سعوودیە عادل جوبەیر، بە تەلەفزۆنی ئێرۆنیوزی راگەیاند: "رەفتاری دوژمنکارانەی ئێران قبووڵ ناکەین و ئێران دژی هەموو تێگەیشتن و  یاسا نێودەڵەتییەکانە، ئەوەی ئێستا ئێمە دەیبنین پشتیوانیکردنی ئێران لە حزبوڵڵای لۆبنان، سووریا و عێراق و هەوڵدان بۆ ناردنی چەک و تەقەمەنی بۆ حوسییەکانی یەمەنە".