توێژەرێکی زانستیی کورد لەسەر ئاستی عێراق پلەی یەکەمی بەدەستهێنا

" نەوەی شێخ مەحموودی حەفیدە"
سەرمەد لەتیف
سەرمەد لەتیف

K24 - سلێمانی

توێژەرێکی زانستیی کورد لەسەر ئاستی عێراق لە بواری (لێشاوی ئاو لە بەنداوەکان) پلەی یەکەمی بەدەستهێنا.

سەرمەد لەتیف، بە کوردستان24ـی راگەیاند، لە نوێترین ریزبەندی سکۆپەس کە دەرئەنجامی سێ ساڵی پێشووە ئەو پلەیەی بەدەستهێناوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، ریزبەندییەکە دانراوە لەسەر بنەمای ژمارەی سایتەیشنەکان و ژمارەی توێژینەوە پەیوەندیدارەکان کە لە گوڤارە نێودەوڵەتییە ئاستبەرزەکان بڵاوکراونەتەوە.

سەرمەد لەتیف نەوەی شێخ مەحموودی حەفیدە و لە کۆلێژی ئەندازیاری شارستانی زانکۆی کۆمار بۆ زانست و تەکنەلۆجیا لە شاری سلێمانی مامۆستای زانکۆیە.

مامۆستا سەرمەد، هۆکاری بە دەستهێنانی ئەو پلەیە بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە بۆماوەی 3 ساڵ رۆژانە لانیکەم 12-14 کاتژمێر لەسەر پڕۆژەیەکی زانستی کاریکردووە و توێژینەوەی ئەنجامدا. تەنانەت بۆ ئەنجامدانی دوو توێژینەوەی زانستی گەشتی وڵاتی ئوستراڵیای کردووە و لە شاری سیدنی دوو توێژینەوەی ئەنجامداوە کە لە گۆڤاری زانستی ئاست بەرز بڵاوکرانەتەوە.

سکۆپەس(Scopus):  گەورەترین داتابەیسی تایبەت بە بڵاوکراوەی جیهانی ئێلسڤیرە (Elsevier) کە لەسەر بنەماى سایتەیشن و ئەبستراکت ریزبەندى کراوە، بوارە جیاوازەکانى تەندروستى و ئەندازیاری و فیزیا و زانستە کۆمەڵایەتییەکان و چەندانى تر لەخۆ دەگرێت.

ئەم داتابەیسە لە کۆتاییەکانى 2004 دەستى پێکردووە و ڕۆژانە نوێدەکرێتەوە، جۆڕناڵەکانى ناو سکۆپەس دەتوانن دوو پێوەری تایبەتى SNIP و SJR وەرگرن لەگەڵ پێوەرەکانى دیکەى هەڵسەنگاندنى جۆڕناڵ، هەر جۆڕناڵێک سەر بە سکۆپەس نەبێ ناتوانێت پێوەری سنیپ و ئێس جەى ئاڕ وەرگرن، بەنزیکى دوو بەرامبەری وێب ئۆف ساینس جۆڕناڵی لە خۆگرتووە.

.