وەزیرانی دەرەوەی عێراق و کوێت: گرنگە پرسی سنوور لە نێوان عێراق و کوێت کۆتایی پێبھێندرێت

کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی عێراق و کوێت | وێنە: نووسینگەی راگەیاندنی وەزیری دەرەوەی عێراق
کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی عێراق و کوێت | وێنە: نووسینگەی راگەیاندنی وەزیری دەرەوەی عێراق

K24 - هەولێر

وەزیری دەرەوەی عێراق و وەزیری دەرەوەی کوێت تاوتوێی کردنەوەی پاشکۆی بازرگانیی لە کۆنسولخانەی کوێت لە بەسرە، دۆسیەی دەست نیشان کردنی سنووری نێوان ھەردووڵات و دۆسیەی نەوت دەکەن.

ئەمڕۆ یەکشەممە 30ـی تەممووزی 2023، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە بەغدا لەگەڵ سالم عەبدوڵڵا جابر سەباح، وەزیری دەرەوەی کوێت،کۆبووەوە. دوای کۆبوونەوەکە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی ھاوبەش بۆ وەزیرانی دەرەوەی عێراق و کوێت رێکخرا.

فوئاد حوسێن ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سالم عەبدوڵڵا جابر سەباح خستەڕوو و رایگەیاند، لە کۆبوونەکەدا، بە دووقۆڵیی باسیان لە پەرەپێدان بە پەیوەنییەکانی نێوان عێراق و کوێت، ھەروەھا ئاسانکاری بۆ سەردانەکانی نێوان ھەردوو وڵات کردووە.

وەزیری دەرەوەی عێراق راشیگەیاند، گفتوگۆیان کردووە لەبارەی رووبەڕووبوونەوەی ماددەی ھۆشبەر و ئاماژەی بەوە دا، لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوکەدا، دۆسیەی دەستنیشانکردنی سنوور و بەردوامیدان بە کۆبوونەوەکانی لیژنە ھاوبەشەکانی نێوان ھەردوو وڵات لەبارەی دۆسیەکە تاوتوێ کردووە و جەختیان کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە گرنگە پرسی سنوور لەنێوان عێراق و کوێت کۆتایی پێ بھێندرێت.

بە گوتەی وەزیری دەرەوەی عێراق، دۆسیەی نەوت و کێڵگە ھاوبەشەکان، بەشێک بووە لە گفتوگۆکانیان و رایگەیاند، ئەنجامدانی گفتوگۆ تاکەڕێگایە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.

فوئاد حوسێن روونیشی کردەوە، عێراق و کوێت خۆشحاڵن بە رێککەوتنی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەنێوان سعوودیە و ئێران و جەختی کردەوە لەسەر گرنگی ئەنجامدانی کاری ھاوبەش لە بواری ئەمنییدا بۆ پاراستنی ناوچەکە.

لای خۆیەوە سالم عەبدوڵڵا جابر سەباح، وەزیری دەرەوەی کوێت رایگەیاند، لە کۆبوونەوەکەدا، ژمارەیەک پرسیان لەسەر ئاستی ھەرێمیی و نێودەوڵەتیی تاوتوێ کردووە کە رەنگدانەوەیان لەسەر ئاسایشی کوێت و عێراق ھەیە.

سالم عەبدوڵڵا جابر سەباح بە پێویستی زانی کار بکرێت بۆ کۆتایی ھێنان بە دۆسیەی دەست نیشان کردن سنووریی دەریایی و گوتی: "لەوبارەیەوە لەگەڵ عێراقدا ھاوڕایان". ئەوەشی خستەڕوو، بڕیاریانداوە، بەم نزیکانە پاشکۆی بازرگانیی لە کۆنسولخانەی کوێت لە بەسرە بکەنەوە.