وه‌زیری ته‌ندروستی عێراق: میوانداری كۆنفرانسێكی جیهانی تایبه‌ت بە شێرپه‌نجه ده‌كه‌ین
K24 - هەولێر:
وه‌زیری ته‌ندروستی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، میوانداری كۆنفرانسێكی جیهانی له‌باره‌ی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه ده‌كه‌ین.
ساڵح حەسناوی، وەزیری تەندروستیی عێراق رایگەیاند، لە مانگی تشرینی یەکەمی داهاتوو بەغدا میوانداری کۆنفرانسێكی نێودەوڵەتی تایبەت بە شێرپەنجە دەکات و گوتیشی: پێشکەوتنی باش لە بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییەکەدا بەدیهاتووە.
حه‌سناوی له لێداونێكدا بۆ ئاژانسی هه‌واڵی عێراقی گوتی: له‌به‌ر رۆشنایی کۆبوونەوه‌یان لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی شێرپەنجە لە عێراق، کار لەسەر پێداچوونەوەی چارەسەری و خۆپارێزی بۆ نەخۆشییەکە کراوه، بەو پێیەی رێکخراوەکە لە سەرجەم ئه‌و رێوشوێنانه‌ی حکومەت ئاگادارکراوه‌ته‌وه، كه له‌و پێناوه‌دا گرتوویه‌ته‌به‌ر، گرنگترینیان بوونی بەرنامەیه‌كی تایبه‌ته به نه‌خۆشی شێرپەنجە بە تێچووی 200 ملیار دینار.
وه‌زیری ته‌ندروستی عێراق ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، كۆنفرانسه‌كه به بەشداری پسپۆرانی رێکخراوە په‌یوه‌ندیداره‌کانی سه‌ر به نەتەوە یەکگرتووەکان به‌ڕێوه‌ده‌چێت و لەلایەن سەرۆکوەزیرانەوە سپۆنسەر دەکرێت و به‌رنامه‌كه‌یان لە خۆپارێزیی له نه‌خۆشییەكه‌وە دەستپێدەکات و بە چارەسەرکردن کۆتایی دێت.
پێشتریش سه‌یف به‌در گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراق، راگه‌یاندبوو، زیاتر له 30 هه‌زار تووشبووی شێرپه‌نجه له عێراق له ژێر چاره‌سه‌ریدان. نیگه‌رانی خۆشی له‌باره‌ی زیادبوونی ئه‌م رێژه‌یه ده‌ربڕی.
گوته‌بێژه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراق روونیشیكردبووه‌وه، گرفتی شێرپه‌نجه، دره‌نگ ئاشكرابوونی نه‌خۆشییه‌كه‌یه، به‌تایبه‌ت شێرپه‌نجه‌ی مه‌مك.
ئه‌وه‌شی خستبووه‌ڕوو، یه‌كێك له هۆكاره سه‌ره‌كییه‌كانی مردن له عێراق و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، نه‌خۆشی شێرپه‌نجه‌یه.
هه‌روه‌ها گوتبوشی: "شێرپه‌نجه كێشه‌یه‌كی جیهانی مه‌ترسیداره و روو له هه‌ڵكشانه، له‌هه‌ر 100 هه‌زار عێراقی، كه‌متر له 80 حاڵه‌ت له ساڵێكدا تۆمارده‌كرێت".
باسی له‌وه‌شكردبوو: "رێژه‌ی تۆماركردنی تووشبوون به شێرپه‌نجه له عێراق، له چوارچێوه‌ی ئه‌و رێژه جیهانییه‌یه كه بۆ تۆماركردنی ئه‌م نه‌خۆشییه دیاریكراوه".
گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی له‌باره‌ی دره‌نگ چاره‌سه‌ركردنی نه‌خۆشی شێرپه‌نجه ئاماژه‌ی به‌وه كردبوو، دره‌نگ ده‌ستنیشانكردنی حاڵه‌ته‌كانی ئه‌م نه‌خۆشییه و به‌تایبه‌ت گه‌یشتنی به قۆناغه‌كانی (سێیه‌م و چواره‌م)، كه به شێوه‌یه‌كی به‌ربڵاو له جه‌سته بڵاوده‌بێته‌وه، ئه‌وكات چاره‌سه‌ركردنی ئه‌سته‌م ده‌بێت.
دووپاتیشیكردبووه‌وه، شێرپه‌نجه‌ی مه‌مك له ریزی پیاواندا تۆماركراوه، ئه‌مه حاڵه‌تێكی نوێ نییه، سه‌یره میدیا به‌مشێوه‌یه زه‌قی ده‌كاته‌وه.
داواشی له هاووڵاتیانكردبوو، 6 مانگ جارێك پشكنین بۆ نه‌خۆشییه نه‌گوازراوه‌كان بكه‌ن، به‌تایبه‌ت شێرپه‌نجه‌ی مه‌مك، بۆ ئه‌وه‌ی به زووترین كات رێگه له بڵاوبوونه‌وه‌ی بگیرێت.