وه‌زیری دارایی: لەمەودوا سەرجەم داهاتە ناوخۆییەکانی هەرێم دەچێتە ناو هەژمارێکی تایبەتەوە

K24 - هەولێر:

وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان، لەگەڵ تیمی سەرپەرشتیاری سیستەمی بەڕێوەبردنی دارایی هەرێمی کوردستان (KFMS) لە نوسینگەی سەرۆکوەزیران کۆبووه‌وه‌ و دواین هەنگاوەکانی بەرەوپێشبردنی سیستەمەکە گفتوگۆی لە بارەوە کرا. وه‌زیری دارایی رایگه‌یاند، لەمەودوا سەرجەم داهاتە ناوخۆییەکانی هەرێم دەچێتە ناو هەژمارێکی تایبەتەوە.

له‌میانه‌ی راگه‌یه‌ندراوێكی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا هاتووه‌،   ئاوات جەناب نووری وەزیری دارایی و ئابووری پێشوازیکرد لە عەزیز ئەحمەد جێگری بەرپرسی نوسینگەی سەرۆکوەزیرانی هه‌رێمی كوردستان و تیمی سەرپەرشتیاری بەڕێوەبردنی سیستەمی دارایی هەرێمی کوردستان ( KFMS ).

لە دیدارێکدا هەنگاو و پێشکەوتنەکانی سیستەمەکە گفتوگۆی لە بارەوە کراو ئامادەکارییەکان بۆ داخڵکردنی بودجەی وەبەرهێنان لە ئایندەیەکی نزیکدا بۆ ناو سیستەمەکە تاووتوێکرا.        

لای خۆشیەوە وەزیری دارایی دەستخۆشی لە تیمی سەرپەرشتیاری سیستەمی بەڕێوەبردنی دارایی کوردستان کرد و رایگەیاند، بەهۆی سیستەمەکەوە رۆتیناتی ئیداری و دارایی بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمبۆتەوە و شەفافیەت زیادبووە. گوتیشی، لەمەودوا سەرجەم داهاتە ناوخۆییەکانی هەرێم دەچێتە ناو هەژمارێکی تایبەتەوە و هیوایخواست لە رێی سیستەمەکەوە سەرجەم خەرجی و داهاتەکان رێکبخرێت و رۆتیناتی ئیداری و دارایی و بەتەواوی کەمبکرێتەوە.    

بەپێی داتاکانی تیمی سەرپەرشتیاری سیستەمی بەڕێوەبردنی دارایی کوردستان تەنها لە ساڵی 2023 دا 6142 داواکاری خەرجی لە ڕێی سیستەمەکەوە پێشکەشکراوە و لەو ماوەیەدا 104 ملیار دینار خەرجی ناپێویست پاشەکەوتکراوە. (هه‌روه‌ك وه‌زاره‌تی دارایی ئاماژه‌ی بۆ كردووه‌).