وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان: جینۆسایدکردنى بارزانییەکان تاوانێکى گەورەى دژ بە بەها مرۆییەکان بوو

K24 – هەولێر:

وەزارەتى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان، لە چلەمین ساڵیادی شەهیدان و قوربانیانى جینۆسایدى بارزانییەکان، راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌: جینۆسایدکردنى بارزانییەکان، تاوانێکى گەورەى دژ بە بەها مرۆییەکان بوو.

هه‌روه‌ها وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان، ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو، له‌هه‌وڵه‌كان بەردەوامین بۆ سۆراخ و گەڕانەوەى رووفاتی جینۆسایدکراوانی بارزانییەکان بۆ زێدى خۆیان.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌:

بەڕێزان خانەوادەى قوربانیانى جینۆسایدى بارزانیەکان و کەسوکارى سەر بڵندى شەهیدان.

رژێمى بەعسى رووخاو لە درێژەى پیادەکردنى سیاسەتى  پاکتاوی رەگەزی خۆیدا دژ بە گەلى ستەمدیدەی کوردستان 40 ساڵ بەر لەئێستا، دەستیکرد بە جینۆسایدی بارزانییەکان، دیارە ئەوەش دەستپێکی پیلانێکى گەورەتر بوو بۆ لە ناوبردن و پاکتاوکردنى رەگەزیی گەلێک کە دەیویست لەسەر خاکەکەى خۆى بە ئازادى بژى .

جینۆسایدکردنى بارزانییەکان تاوانێکى گەورەى دژبە بەها مرۆییەکان بوو کە تیایدا هه‌شت  هەزار مرۆڤى بارزانى بێتاوان تەنها بەهۆى کورد بوون و مێژووى تێکۆشانیان لە پێناوی ئازادیدا جینۆسایدکران .

دوابەدواى رێکەوتننامە بەدناوەکەى جەزائیر لە ساڵى1975 رژێمى بەعسی لە ناوچوو کەوتە داڕشتنى پیلانى لەناوبردنى  گەلى کوردستان، بۆ ئەم مەبەستەش لە سەرەتاوە مەڵبەندى تێکۆشانى سەدەیەک خەبات و زێدى شۆرشگێرانیان لە بارزان کردە ئامانج، لەسەرەتای ساڵى 1977دا هەزاران خانەوادەى بارزانییەکانیان بەرەو ناوەڕاست و باشوورى عێراق ڕاگوێزران، دواتر گوازرانەوە بۆ ئۆردوگا زۆرەملێکانی بەحرکە و قوشتەپە و هەریر و گۆڕەتوو دەوروبەرى هەولێر.

پیلانى نەخوازراوى رژێمى بەعسى روخاو بەردەوام بوو بۆ ئەنجامدانى جینۆسایدى بارزانییەکان تا لە رۆژى 31ى مانگى تەموزى ساڵى 1983یەکەمین قۆناغى جینۆسایدى بارزانییەکان دەستیپێکردوو بە سێ قۆناغ لە ماوەى 12 ڕۆژدا زیاتر لە  هه‌شت هەزار مرۆڤى بێ تاوانى بارزانیەکان دەستگیرکران و لە بیابانەکاندا بێسەروشوێن کران و هەزاران خانەوادە ماڵوێران کران و لە دواى ئەو تاوانە کەوتنە ژێر بارى سەختى پەروەردەکردنى خێزان و منداڵەکانیان و لەوپێناوەدا تەمەنى خۆیان لە چاوەڕوانى چارەنووسی کەسوکارەکانیان بەسەربرد.

کەس و کارى سەربەرزى جینۆسايدكراوان.

وەزارەتى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان  بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ سۆراخ و گەڕانەوەى ڕووفاتەکانیان بۆ زێدى خۆیان، پارساڵیش لەم یادە کارەساتبارەدا  هاوکات لە گەڵ 39 هەمین ساڵیادى جینۆسایدی بارزانیەکان  100 رووفاتى ترى قوربانیانى جینۆسایدى بارزانیەکان کە لە بیابانەکانی پاڕێزگاى موسەنای باشوورى عێراق دۆزرانەوە گەرێنرانەوە هەرێمی کوردستان لە ڕێورەسمێکى شکۆداردا بەرێز و شکۆوە بەرەو دوا مەنزڵگەیان لە گۆڕستانى جینۆسایدکراوانى بارزان بە خاک سپێردران.

ئەگەرچى ئەم تاوانە زامێکى قوڵى جەستەى نەتەوەکەمانە و ساڕێژبوونى ئەستەمە ، مایەى شانازییە بۆ خەڵکی کوردستان بە گشتى کە ئەو شەهیدە سەربەرزانە  لە یاد و زاکیرەى بە کۆمەڵى ملیۆناندا زیندوون و سەرچاوەى ئیلهامى ژیان و بەرخودانن و ئەنجامدەرانى ئەو تاوانە گەورەیەش لە دۆزەخى بیرەوەرى مرۆڤایەتى و مێژوودان .

کەسوکارى ستەملێکراوان و قوربانیانى جینۆسایدى بارزانییەکان

 ڕژێمى بەعسى روخاو هەر بە جینۆسایدى بارزانییەکان کۆتایى بە پیلانەکەى نەهێنا، بەڵکو بە ئامانجى سڕینەوەى بوونى نەتەوەیيمان بەردەوام بوو لەسەر سیاسەتى لەناوبردنى گەلەکەمان بە وێرانکردنى گوندەکان و ڕاگواستنى دانیشتووانە سڤیلەکەى لە ژێر ناوى ( شاڵاوەکانى ئەنفال ) هەروەها کیمیابارانکردنى هەڵەبجە لە ساڵى 1988 و چەندین ناوچەى ترى کوردستان ، کە دواجار هەموو ئەو تاوانکاریيانە بەگوێرەى یاساو پەیماننامە و ڕێکەوتننامە نێودەوڵەتییەکان بەبوونى سەدان گۆڕى بەکۆمەڵ و هەزاران بەڵگە و دۆکیۆمێنتى یاسایى بە جینۆساید ناسێندران و دادگاى باڵاى تاوانەکانى عێراق و ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراقیش وەک تاوانى جینۆساید و تاوانى دژی مرؤڤایەتى و  تاوانى جەنگ ناساندوونی .

لەم یادە کارەساتبارەدا ڕایدەگەیەنین وەک وەزارەتى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان لە چوارچێوەى بەرنامەى حکومەتى هەرێمى کوردستاندا، هەموو تواناکانمان دەخەینەکار تا خزمەتى شایستە پێشکەش بە کەسوکارى سەربەرزى شەهیدان و ئەنفالکراوان بکەین و یادى قوربانییەکان بەرز ڕابگرین و کاردەکەین  بۆ زیاتر بە جینۆساید ناساندنى ئەو تاوانانەى دەرحەق بە گەلەکەمان کراون، بەپێویستى دەزانین کە دەوڵەت وحکومەتى عێراقى فیدراڵ بە داوای لێبوردن و ئەرکى دەستوورى و یاسایى خۆیان هەستن و پابەندبوونە دەستوورییەکان و بڕیارەکانى دادگا جێبەجێ بکەن، بە قەرەبوکردنەوەى سەرجەم زیان لێکەوتووانى دەستى ڕژێم لە کوردستان هەر وەک لە ماددەى(132) ی دەستوورى هەمیشەیى عێراقدا دەقنووس کراون.

نەمریی بۆ شەهیدانى جینۆسایدى  بارزانییەکان و سەرجەم شەهیدانى ڕێگاى ڕزگاریى کورد و کوردستان

سلاو لە خانەوادە هەمیشە سەربەرزەکانیان

وەزارەتى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوان

31 /7 /2023