نرخی نەوت بەرەو گەورەترین قازانجی مانگانەی دەڕوات

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ دووشەممە نرخی نەوت لە بەرزترین ئاستی سێ مانگدا نزیک بووەوە و بەرەو تۆمارکردنی گەورەترین قازانجی مانگانەی خۆی لە ماوەی زیاتر لە ساڵێکدا دەڕوات، ئەمە لە کاتێکدا پێشبینی دەکرێت سعوودیە کەمکردنەوەی بەرهەمهێنانی خۆبەخشانەی نەوت تاوەکو مانگی ئەیلوولی 2023 درێژ بکاتەوە و دابینکردنی نەوت لەسەر ئاستی جیهانیش کەمبووەتەوە.

بەیانی ئەمڕۆ 31/7/2023، نەوت بە رێژەیەکی کەم دابەزینیان تۆمارکردووە سەرەڕای ئەو دابەزینەش نرخەکان لە بازاڕەکانی جیهاندا نزیکن لە بەرزترینی خۆی بەراورد لەگەڵ سێ مانگی رابردوو.

کاتژمێر 10:30 بە کاتی هەولێر نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت بە دابەزینی 0.4% بە 84.36 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا و تەکساسی ئەمریکیش بە دابەزینی 0.2% بەرمیلەکی بە 80.56 دۆلار فرۆشار.

نرخەکانی برێنت و تەکساس لە رۆژی هەینی لە سەر بەرزترین ئاستی خۆیان لە مانگی نیسانەوە جێگیربوون و بۆ پێنجەمین هەفتەی لەسەریەک دەستکەوتەکانیان درێژکردەوە، دوای ئەوەی نرخەکان پاڵپشتیان لە کەمیی دابینکردنی نەوتی جیهانی و چاوەڕوانییەکانی کۆتاییهێنان بە بەرزکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی لە ئەمریکا وەرگرت. هەردوو جۆرە سەرەکییەکەی نەوت  لە ڕێگادان بۆ کۆتایی هاتنی مانگی تەمموز بە گەورەترین دەستکەوتی مانگانەیان لە دوای مانگی یەکی ساڵی 2022ـەوە.

شرۆڤەکارانی بانکی گۆڵدمان ساکس دەڵێن: "لە ناوەڕاستی مانگی حوزەیرانەوە نرخی نەوت بەڕێژەی %18ی بەرزبووەتەوە، ئەوەش بەهۆی بەرزبوونەوەی پێوانەیی خواست و کەمبوونەوەی خستنەڕووی سعوودیە کە بووەتە هۆی گەڕانەوەی کورتهێنان لە بازاڕەکاندا".

شرۆڤەکارانی بازاڕ رایانگەیاندووە، "تاوەکو ئێستا پێشبینی دەکەن کە سعوودیە کەمکردنەوەی خۆبەخشانەی بەرهەمهێنانی نەوتی رۆژانە یەک ملیۆن بەرمیل بۆ ماوەی مانگێکی دیکە واتا تاوەکو مانگی ئەیلوولیش درێژ بکاتەوە".

بانکەکە لەسەر هەمان پێشبینی پێشووتری خۆی دەمێنێتەوە کە بۆ هەر بەرمیلێک نەوتی برێنت بۆ مانگی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ بە 86 دۆلار پێشبینی دەکات و دەڵێت لە چارەکی دووەمی ساڵی 2024 نرخی نەوتی خاو بۆ 93 دۆلار بەرزبێتەوە.

ئا: کاوار ساڵح