مانگ دێتە نزیکترین خاڵی زەوی و بەپڕی دەردەکەوێت

K24 - هەولێر

بەگوێرەی ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس، مانگە زەبەلاحەکان کاتێک دەردەکەون کە مانگی پڕ لە نزیکترین خاڵی خۆی لەسەر هەسارەکە نزیک بێتەوە، ئەمەش وایکردووە تا لەسەدا 14 گەورەتر و لەسەدا 30 گەشاوەتر دەربکەوێت، بە بەراورد بەوەی کاتێک لە دوورترین خاڵدایە.

فەلەکناسەکان خۆیان ئامادە دەکەن بۆ بینینی دوو مانگی پڕ لە مانگی ئابدا، کە بە مانگێکی شین و ناوازە دەردەکەوێت، دیاردەی مانگی زەبەلاح کاتێک روودەدات کە مانگی پڕ لە نزیکترین خاڵی خۆی لە زەوی نزیک بێت.

ئێوارەی رۆژی سێشەممە 1ی ئاب، خەڵک یەکەم دیاردە دەبینن، کە مانگی پڕ لە باشووری رۆژهەڵات، تەنها 222 هەزار و 159 میل بەرز دەبێتەوە لەسەر زەوی.

شەوی چوارشەممە 30ی ئاب مانگ لە زەوی نزیک دەبێتەوە و بە دووری 222هەزار و 043 میل، کە دەکاتە 357 هەزارو 344 کیلۆمەتر، چونکە دووەم مانگی پڕە لە هەمان مانگدا، بە مانگی شین ناسراوە.

لەمبارەیەوە فرێد ئێسپیناک زانای خانەنشینکراوی فیزیای فەلەکی لە ناسا، دەڵێت: "شەوە گەرمەکانی هاوین، کاتێکی گونجاوە بۆ سەیرکردنی هەڵهاتنی مانگی پڕ لە ئاسمانی رۆژهەڵات، کە لە ماوەی چەند خولەکێکدا لە دوای خۆرئاوابوون روودەدات، ئەمەش دووجار لە مانگی ئابدا روودەدات".

ئیسپیناک گوتیشی: ئەو کەسانەی دووربین یان تەلسکۆب بەکاردەهێنن لەوانەیە بتوانن خاڵە تاریکەکان ببینن، هەروەها دەشتاییە تاریکەکان کە بەهۆی بورکانەوە دروست دەبن یان ئەو تیشکانەی کە بەهۆی چاڵەکانی مانگەوە دەردەکەن، بە مەرجێک ئاسمان روون بێت.​