پێشبینی دەکرێت بەرهەمی پەتاتە لە سنووری دهۆک بگاتە 460 هەزار تۆن

پەتاتەی دەشتی ناوکوڕ
پەتاتەی دەشتی ناوکوڕ

K24 - هەولێر

بەرهەمی پەتاتەی هەرێمی کوردستان ساڵ بە ساڵ لە زیادبووندایە و ئەمساڵ لە سنووری پارێزگای دهۆک نزیکەی 40 هەزار دۆنم زەوی بە پەتاتە داچێندراوە و پێشبینیش دەکرێت بەرهەمەکە بگاتە سەرووی 460 هەزار تۆن؛ هەر بۆیە حکومەتی هەرێمی کوردستان کار بۆ هەناردەکردنی دەکات.

ساڵ بە ساڵ بەرووبوومی پەتاتە لە سنووری پارێزگای دهۆک و بە دیاریکراوی لە دەشتی ناوکوڕی قەزای بەردەڕەش لە زیادبووندایە. بە گوێرەی ئامارەکان زیاتر لە 40 هەزار دۆنم زەوی ناوچەکە بە پەتاتە داچێندراوە. وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشبینی دەکات بەرهەمی پەتاتەی تەواوی پارێزگای دهۆک بگاتە نزیکەی 460 هەزار تۆن.

عەبدولقادر محەممەد جووتیارێکی قەزای بەردەڕەشە و ئەمساڵ نزیکەی 800 دۆنم پەتاتەی لە ناوچەی ناوکوڕ چاندبوو. ئێستا بەرهەمەکەی کۆکردووەتەوە و هێناویەتی بۆ ئەوەی لە نێو کۆگایەکی ساردکەرەوەدا هەڵبگرێت، بۆ ئەوەی بە پێی پلان و بەرنامە رەوانەی ناو بازاڕدا بکات و، وەکو خۆی باسی دەکات، کواڵێتیی بەرهەمەکەی زۆر باشە.

عەبدولقادر محەمەد رایدەگەیەنێت، "ئەمساڵ زیاتر لە 800 دۆنم پەتاتەم چاندبوو و ماشەئەڵڵا بەرهەمەکەی زۆر باشە، ئەو پەتاتەی کۆمانکردووەتەوە، هیناومانە بۆ ناو ساردکەرەوەکان و بڕێکی کەممان بۆ تێچووی کرێکاران و پڕۆسەی دەرهێنان فرۆشتووە".

بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمساڵ لە سنووری پارێزگای دهۆک، نزیکەی 40 هەزار دۆنم زەوی بە پەتاتە داچێندرابوو و چاوەڕێدەکرێت بەرهەمی پەتاتە لە سنووری پارێزگاکە بگاتە سەرووی 460 هەزار تۆن پەتاتە. ئەمەش بە گوتەی شارەزایانی بواری کشتوکاڵ بڕێکی کەم نییە و دەکرێت هەناردەی دەرەوەش بکرێت.

دلگەش مووسا، ئەندازیار و سەرپەرشتیاری کۆگایەکی ساردکەرەوەی هەڵگرتنی پەتاتەیە و دەڵێت: "بەروارد بە ساڵانی رابردوو، ئەمساڵ بەرهەمی پەتاتە لە ناوچەکەمان زۆر زیاترە و دەتوانین بڵێین دوو سێ جار زیاترە. ئەو بڕە پەتاتەیەی لە نێو ساردکەرەوەکاندا هەڵگیراوە، لە بڕی پێویست زیاترە و دەکرێت هەناردەی دەرەوەی بکەین".

حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی ساخکردنەوەی بەرهەمی پەتاتەی جووتیارانی سنووری پارێزگای دهۆک و پاراستنی لە نێو کۆگاکاندا، لەلایەک بە پاڵپشتیی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت هەڵساوە بە دروستکردنی نزیکەی 70 کۆگا و لەلایەکی دیکەوەش کار بۆ دامەزراندنی کۆمپانیایەک دەکات کە لە توانایدایە ساڵانە نزیکەی 50 بۆ 100 هەزار تۆن پەتاتەی جووتیاران وەربگرێت و بیانکاتە فینگەر.