رۆژنامەنووسێك لە باكووری كوردستان دەستگیر دەكرێت

راوێژكاری پەرلەمانتارێكی ھەدەپەش لەگەڵ ئەو رۆژنامەنووسە دەستگیركراوە

K24 - ھەولێر

رۆژنامەنووسێكی ئاژانسی هەواڵەکانی ژنان (ژنھا) لەگەڵ راوێژكاری یەكێك لە پەرلەمانتارانی ھەدەپە لە شارۆچكەی نسێبینی باكووری كوردستان لەلایەن پۆلیسی توركیاوە دەستگیركران.

بە گوێرەی زانیارییەكانی ئاژانسی (ژنھا)، هەریەک لە زەهرا دۆغان سەرنوسەرێکی ئەو ئاژانسە لەگەڵ مەزڵوم کاڤاک راوێژکاری عەلی ئاڵتان پەرلەمانتاری پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) لەكاتی رووماڵكردنی ھەواڵێك لە شارۆچكەی نسێبینی سەر مێردین، لەلایەن پۆلیسی تورکیاوە دەستگیرکراون.

ئاژانسەكە راشیگەیاند: "بە بیانووی ئەوەی گوایە سکاڵایان لەسەر تۆمار کراوە لەکاتی پشکنیندا هەردووکیان دەستبەسەرکران و پاشان رەوانەی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی شاری مێردین کراون".

ئاژانسی ژنھا ئاماژەشی بۆ ئەوەكردووە "پێشبینی دەکرێت ئەمڕۆ هەردوکیان ببرێنە بەردەم دادوە".