فوئاد حوسێن: داوا لە کۆمپانییاکانی وڵاتانی کەنداو دەکەین لە عێراق وەبەرهێنان بکەن

فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی حکومەتی عێراق
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی حکومەتی عێراق

K24 – هەولێر:

لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ ئەمینداری ئەنجوومەنی هاریکاری کەنداو، فواد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، گفتوگۆیان کردووە لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابوورییەکانی وڵاتانی کەنداو و عێراق، کە چۆن بەهێزتر و فراوانتری بکەن، هاوکات گوتیشی: داوا لە کۆمپانییاکانی وڵاتانی کەنداو دەکەین لە عێراق وەبەرهێنان بکەن.

ئەمڕۆ (31ـی تەمموزی 2023)، فواد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ جاسم محه‌ممه‌د بدێوی، ئه‌مینداری گشتی ئه‌نجوومه‌نی هاریكاری كه‌نداو، رایگەیاند، لەگەڵ ئەمینداری ئەنجوومەنی هاریکاری کەنداو گفتوگۆیان کردووە لەسەر بەهێزکردنی پەیوەندییە ئابووریەکانی عێراق و وڵاتانی کەنداو، هیواشی خواست ئەو پەیوەندییانە زیاتر پەرەی پێبدرێت.

هەر لە میانەی کۆنفرانسەکەدا، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی حکومەتی عێراق، رایگەیاند، پەیوەندییەکانیان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ بەهێز دەکەن و فراوانیشی دەکەین.

وەزیری دەرەوەی حکومەتی عێراق، ئاشکرایکرد، لەم کۆبوونەوەیە گفوگۆکرا لەبارەی بەستنەوەی کارەبای عێراق بە وڵاتی سعوودییەوە.

فوئاد حوسێن، گوتی: "داوا لە کۆمپانییاکانی وڵاتانی کەنداو دەکەین لە عێراق وەبەرهێنان بکەن".

گوتیشی: "ئێمە پێویستمان بە وەبەرهێنان هەیە، کۆمپانییاکانی وڵاتانی کەنداویش لەزۆر وڵات وەبەرهێنان دەکەن، ئێمە پێویستمان بەوانە دەرگاکانی عێراق هەمیشە کراوەن بەڕووی ئەو کۆمپانیایانە، هەروەها گفتوگۆشمان کرد دەربارەی چۆنیەتی دەسەتەبەرکردنی کاری کۆمپانییاکانی کەنداو لە ناوخۆی عێراق".

باسی لەوەشکرد، هەندێک لە کۆمپانیاکان نیگەرانی ئەمنییان هەیە و هەندێکیش نیگەرانی داهاتوویان هەیە، بەشێک لە گفتوگۆکانیان تەخانکردبوو بۆ ئەم بابەتە، بە تایبەتی مامەڵەکردن لەگەڵ سندوقی سیادی و سندوقی تایبەت کە کاری ئەم کۆمپانیایانە دەستەبەر دەکات و جێگیری دەکات لە عێراقدا.

وەزیری دەرەوەی حکومەتی عێراق، ئەوەشی خستەڕوو، گفتوگۆیان کرد لەسەر حکومەتی سوودانی کە حکومەتی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانە، هەروەها دووبارە داڕشتنەوەی چوارچێوەی عێراقی لەبەر دەستدایە و حکومەتێکە کاردەکات بۆ فرەچەشنکردنی ئابووری، هەر بۆیەش لەم بوارەدا کۆمپانییاکانی وڵاتانی کەنداو دەتوانن کاربکەن لە عێراقدا و دەتوانن پشتیوانی حکومەت بکەن.

ئەمڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ (31ـی ته‌مموزی 2023)، جاسم محه‌ممه‌د بدێوی ئه‌مینداری گشتی ئه‌نجوومه‌نی هاریكاری كه‌نداو سه‌ردانی به‌غدای کرد، له‌گه‌ڵ هه‌ر سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ی عێراق و دكتۆر فوئاد حوسێن جێگری سه‌رۆكوه‌زیران و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق كۆبووەوە.

وڵاتانی كه‌نداو له‌ كۆبوونه‌وه‌ی خوولی (148) كه‌ له‌ مانگی (حوزه‌یرانی / یۆنیۆ)ـی رابردوو، ئه‌نجامیاندا، جه‌ختیانكرده‌وه‌ سه‌ر روبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆر و تووندڕه‌وی و وشككردنی سه‌رچاوه‌كانی پشتگیریكردنیان كرده‌وه‌.