سه‌رچاوه‌یه‌ك بۆ كوردستان24: ئه‌مشه‌و شاندێكی ته‌كنیكیی حكومه‌تی هه‌رێم سه‌ردانی به‌غدا ده‌كات

ئاڵای عێراق و هەرێمی کوردستان
ئاڵای عێراق و هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار به‌ كوردستان24 راگه‌یاند، بڕیاره‌ ئه‌مشه‌و شاندێكی باڵای ته‌كنیكیی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌ردانی به‌غدا بكات.

دوای په‌سه‌ندكردنی یاسای بودجه‌ی گشتیی عێراق، تا ئێستا چه‌ندین جار شاندی حكومه‌تی هه‌رێم به‌مه‌به‌ستی جێبه‌جێكردنی بڕگه‌كانی نێو یاساكه‌، چه‌ندین جار سه‌ردانی به‌غدای كردووه‌ و حكومه‌تی هه‌رێم ته‌واوی پابه‌ندییه‌كانی به‌رامبه‌ر به‌ حكومه‌تی فیدراڵ جێبه‌جێ كردووه‌ و چاوه‌ڕێ ده‌كرێت، به‌م نزیكانه‌ ته‌واوی شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێم ره‌وانه‌ بكرێت.

هه‌ر ئه‌مڕۆش جووتیار عادل، سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە كوردستان 24ی رایگەیاند، چاوەڕێ دەكەن لە یەك دوو رۆژی داھاتوودا موچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستان لە بەغداوە بگات و دەست بە دابەشکردنی بكرێت. ئاماژەی بەوەشكردبوو، شاندەكەی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە بەغدایە بۆ بەردەوامیدانی بە گفتوگۆكان لەسەر جێبەجێكردنی پرسی بودجە.

رۆژی پێنجشەممە 27ـی تەممووزی 2023، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران لەگەڵ شاندێکی باڵای وەزارەتی دارایی عێراق کۆبووەوە. ئەم کۆبوونەوەیە، دوای رێککەوتنی بەغدا و هەولێر هات لەبارەی جێبه‌جێكردنی بڕگه‌كانی تایبه‌ت به‌ هه‌رێمی كوردستان لە یاسای بودجەدا.

هەمان رۆژ ئومێد سەباح بە کوردستان24ی راگەیاندبوو، كۆنووسێكی هاوبه‌ش له‌نێوان هه‌ردوو شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق‌ لەبارەی ناردنی شایستە دارییەکانی هەرێمی کوردستان واژۆ كراوە و "بڕیارە ده‌ست به‌جێ تمویلی هه‌رێمی كوردستان بكرێت."

هەر سەبارەت بە رێککەوتنی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق، پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی گوتبوو: "رێککەوتنی هەرێم و بەغدا دەرئەنجامی لێکتێگەیشتنێکی باشی هەردوو سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی بووە".

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، جەختیکردەوە: "سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان زۆر خەمخۆرانە کاری کردووە، بۆ ئەوەی بابەتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکرێت. ئەوانەی پێش رێککەوتنەکان قسەی سەیر و سەمەرەیان کردووە، دوای رێککەوتنەکان بێدەنگ دەبن، چونکە کاری ئەوان قسەیە و ئێمەش کردار".

دوای پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە نێوان هەردوو سەرۆکوەزیرانی مەسرور بارزانی و محەممەد شیاع سوودانی؛ رۆژی چوارشەممە 26ـی تەممووزی 2023، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا کرد و گفتوگۆکانی لەبارەی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندی حکومەتی عێراق دەستپێکردەوە.