کوێستان محەممەد: سەنتەرێکی ئۆتیزم لە کفری دەکرێتەوە

کوێستان محەممەد، وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان
کوێستان محەممەد، وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، "سەردانی قەزای کفریمان کردووە، بۆ ئەوەی بینای چاکسازی بکەینەوە و تەواوی پێداویستییەکانی ناو باڵەخانەکە و پارێزگاریکردنی بۆ دابین بکەین"، هاوکات گوتیشی: ئەمڕۆ ستافمان راسپاردووە بۆ ئەوەی سەنتەری ئۆتیزم لە قەزای کفری بکرێتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە (31ـی تەمموزی 2023)، کوێستان محەممەد، وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە میانەی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لە قەزای کفری رایگەیاند، "لەسەر فەرمانی سەرۆکوەزیران سەردانی قەزای کفریمان کردووە، بۆ ئەوەی بینای چاکسازی بکەینەوە و تەواوی پێداویستییەکانی ناو باڵەخانەکە و پارێزگاریکردنی بۆ دابین بکەین".

سەبارەت بە داواکاری خۆپیشاندەران بۆ کردنەوەی سەنتەری ئۆتیزم لە قەزای کفری، وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی گوتی: "بریکاری وەزیری کاروباری کۆمەڵایەتی و بەڕێوەبەری بەکارخستن لە وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی رادەسپیرم کە دەستبکەن بە ئامادەکاری بۆ دامەزراندنی سەنتەری ئۆتیزم لە کفری".

گوتیشی: دامەزراندنی سەنتەرێکی ئۆتیزم لە کفری ئەمە بڕیارە و بەڵێنی بێ بنەما نییە، دەخرێتە بواری جێبەجێکردن.

لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان چەند سەنتەرێكی تایبەت بە منداڵانی ئۆتیزم هەیە، لەناو ئەو سەنتەرانەدا ئاستی رێژەی ئۆتیزمی منداڵەكان دیاری دەكرێت، بەگوێرەی رێژەكەیان هەوڵی پەرەپێدانی تواناكانیان دەدرێت لەلایەن راهێنەر و كەسانی پسپۆڕ، بەپێی ئامارە جیهانیەکان لە 1%ــی منداڵان تووشی ئۆتیزم دەبن، رێژەی تووشبووانی کوڕ لە کچ زیاترە، بەجۆرێك ئەگەر چوار کوڕ تووشی ئۆتیزم بن. لەبەرامبەردا یەک کچ تووشی ئۆتیزم دەبێت.