پارێزگاری هەولێر لە رێگەی کوردستان24ـەوە خەونی منداڵێک بەدیدەهێنێت

پارێزگاری هەولێر دیاری بە نوور سۆران دەدات
پارێزگاری هەولێر دیاری بە نوور سۆران دەدات

K24 – هەولێر:

دوای بڵاوبوونەوەی یەکەم بەرنامەی پەیبەر لە کوردستان24، چیرۆکی نوور سۆرانی تەمەن 14 ساڵان لە سۆشیال میدیای کوردستان24 دەنگدانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا و پارێزگاری هەولێرش داواکارییەکانی بۆ جێبەجێ کرد.

ئێوارەی رۆژی دووشەممە (31ـی تەمموزی 2023) لە دیوانی پارێزگای هەولێر، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر پێشوازی لە نوور و سۆران عەبدوڵڵای باوکی کرد و دیارییەکی ئایفۆن 14ـی پێبەخشی و بەڵێنیدا پێدا سبەی تیمێکی ئەندزایاری رەوانەی ماڵەیان بکات بۆ دروستکردنی ژوورێک لەسەر داوای خۆی.

لە بەرنامەی پەیبەری کوردستان24ـدا، نوور سۆران ئاماژەی بەوەکردبوو، خەون بەوەوە دەبینێت کە ئایفۆنێکی 13 و ژوورێکی پەمەیی هەبێت و دوای بڵابوونەوەی ئەو ڤیدیۆیەش لە سۆشیال میدیای کوردستان24، پارێزگاری هەولێر بەدەم داواکارییەکی هات و خەونەکەی بەدیهێنا.

لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24، ئومێد خۆشنا پارێزگاری هەولێر سوپاسی کوردستان24ـی کرد بۆ گەیاندنی دەنگی ئەو کچە و رایگەیاند، لە سۆشیال میدیای کوردستان24ـەوە بینەری ڤیدیۆکەی نوور سۆران بووە و ئامادەیی خۆشی بۆ هەموو جۆرە هاوکارییەک لە رووی چارەسەر و چاودێری تەندروستی بۆ ئەو کچە دووپاتکردەوە.

هاوکات سۆران عەبدوڵڵای، باوکی نوور بۆ کوردستان24 دڵخۆشی خۆی دەربڕی بۆ بەدەمەوەهاتنی داواکارییەکانی کچەکەی و بەدیهێنانی خەونەکانی و سوپاسی پارێزگاری هەولێریشی کرد بۆ ئەو دیارییانەی پێشکەشی نووری کردووە.

لەلایەن خۆشیەوە، نوور سۆران سوپاسی کوردستان24 و نیان بارزان، پێشکەشکاری بەرنامەی پەیبەری کرد کە دەنگی گەیاندووەتە هەمووان و سوپاسی پێشوازی و دیارییەکانی پارێزگاری هەولێری کرد و گوتی، خەونەکانی منی بەدیهێنا.

یەکەم بەرنامەی پەیبەری کوردستان24 کە هاوکارمان نیان بارزان پێشکەشی دەکات لە (30ـی تەمموزی 2023) لە شاشەی کوردستان24 پەخشکرا و دواتریش ڤیدیۆکانی لە سۆشیال میدیا کوردستان24 هەزارن بینەری هەبوو، دەنگدانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.

بەرنامەی پەیبەر باسی لە چیرۆکی کچێکی 14 ساڵان کرد بەناوی نوور سۆران عەبدوڵڵا کە تووشی نەخۆشی دەگمەنی پیری پێشوەختە بووە، هەروەها دەیان کۆمپانیا و سەرمایەداریش ئامادەیی خۆیان نیشاندا بۆ هاوکاریکردنی نوور.

هاوکات لە سۆشیال میدیای کوردستان24، هاووڵاتییان هاوسۆزیی زۆریان بۆ نوور دەربڕی، وێڕای رێز و پێزانین بۆ دایک و باوکی نوور، هەمووان پەیامی پشتگیری و خۆشەویستییان بۆ نارد.

بەرنامەی پەیبەر، بەرنامەیەکی نوێی کوردستان24ـە و کار لەسەر چیرۆکی ئەو کەس و شوێنانە دەکات کە شێوازی ژیانکردنیان جیاوازە.