بۆمبێكی جۆری ناپاڵم له سنووری باڵهكایهتی دۆزرایهوه
K24 – هەولێر:
لە سنووری باڵەکایەتی بۆمبێکی فڕۆکەی سەردەمی شەڕی هەشت ساڵەی نێوان ئێران- عيراق لەناوبردرا.
راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مینی هەولێر لهمیانهی راگهیهندراوێكدا ئاماژه بهوه دهكات، دوای ئاگادارکردنەوەمان لەلایەن هاووڵاتییان سەبارەت بە دەرکەوتنی بۆمبێکی فڕۆکە لەناو باخچەی هاووڵاتیەک لەکاتی هەڵکەندنی زەوی لە ناحییەی حاجی ئۆمەرانی سهر به قەزای چۆمان، بەرێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مینی هەولێر، بەڕێوەبەرایەتی چالاکیەکانی راسپارد بۆ چارەسەرکردنی بۆمبەکە.
ئاماژهی بهوهشكردووه، دوای گەیشتنی تیمی لەناوبردنی تەقەمەنی نەتەقاوە بۆ شوێنەکە، دەرکەوت بۆمبەکە لە جۆری ناپاڵمی سووتێنەر(ZAB100)ە و زۆر مەترسیدارە، دوای هەڵسەنگاندن و گرتنەبەری رێکكاری سەلامەت، بڕیاردرا بۆمبەکە بگوازرێتەوە چاڵی تەقاندنەوە لە چیای بەردەبووک سەر بە ناحیەی گەڵالە و دەستبەجێ بۆمبەکە لە پرۆسەیەکی سەرکەوتوودا لەناوبردرا.
هەر لە هەمان کات پێنج تەقەمەنی جەنگی تر لەهەمان شوێن دۆزرانەوەو گواسترانەوە.
شەڕی ئێران و عێراق (ئەیلوولی 1980 - ئابی 1988) شەڕێکی چەکداری بوو لە نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و حیزبی بەعسی عێراق بۆ ماوەی ههشت ساڵ بەردەوام بوو. ئەم شەڕە لە ئێران بە ناوی بەرگری پیرۆز، شەڕی سەپێندراو و شەڕی ھەشت ساڵە ناسرابوو، لە عێراقیش بە ناوی قادسیەی سەدام و شەڕی یەکەمی کەنداو دەناسرێت.