شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا: چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ین پڕۆژه‌یاسای نه‌وت و گاز بنێردرێته‌ په‌رله‌مان

شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق
شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق

K24 – بەغدا:

بەهۆی ناکۆکییە سیاسییەکانەوە ماوەی 18 ساڵە نەتوانراوە، یاسای نەوت و گاز لە پەرلەمان پەسەند بکرێ، لە ئێستادا هەولێر و بەغدا لیژنەیەکیان پێکهێناوە بۆ نووسینەوەی رەشنووسێکی نوێ بۆ پرۆژە یاساکە، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراقیش رایدەگەیەنێت، چاوه‌ڕێ ده‌كه‌ن پڕۆژه‌یاسای نه‌وت و گاز بنێردرێته‌ په‌رله‌مان.

شاخه‌وان عه‌بدوڵڵا، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، چاوەڕی دەکەن کۆنووسی کۆتایی پڕۆژەکە لە ئەنجوومەنی وەزیران دەنگی لەسەر بدرێت، تاکوو بنێردێتە پەرلەمان و پەسەند بکرێت.

پێشووتر هەولێر و بەغدا رێککەوتبوون، لەدوای شەش مانگ لەپێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق، پرۆژەیاساکە پەسەندبکرێ، بەڵام سێ مانگ بەسەر ئەو وادەیەی دیاریکراوە تێپەڕیووە.

لەلایەن خۆیەوە محەممەد شەممەری، ئەندامی دەوڵەتی یاسا، گوتی: "داوای هەرێمی کوردستان ئەوەبوو پڕۆژەیاسای نەوت و گاز پەسەند بکرێت، سەرۆکوەزیرانی عێراقیش بەڵێنی ئەوەی داوە کە پەسەند بکرێت، بەڵام تاکوو ئێستا رێککەوتنی سیاسی نەکراوە بۆ تێپەڕاندنی ئەم یاسایە".

بەگوێرەی رەشنووسی یاسای نەوت و گاز، پرۆسەی دەرهێنان و سەرپەرشتیکردنی گێڵگە نەوتییەکان و هەناردەکردنی نەوت لەنێوان هەولێر و بەغدا بە گوێرەی دەستوور رێکدەخرێتەوە.

پێشتریش سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و وزە لە پەرلەمانی عێراق، بە کوردستان24ـی راگەیاندبوو، لەسەر پرسی پڕۆژەیاسای نەوت و گاز  هەنگاوی باش نراوە، ئەوەی دەمێنێتەوە، دەکەوێتە سەر رێککەوتنی سیاسی سەرتاسەری، چونکە ئەو پڕۆژەیاسایە ئەگەر پەسەند بکرێت، بە گرنگترین یاسا لە قەڵەم دەدرێت.