24 هاوپه‌یمانێتی بۆ هەڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان تۆماركراون

K24 - هەولێر

کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، ته‌نیا 24 هاوپه‌یمانێتی بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان تۆماركراون.

داود سلێمان به‌ڕێوه‌به‌ری رێكار و راهێنانه‌كانی كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاشكرایكردووه‌، دەستەی کۆمیسیاران بڕیاریداوه‌ وه‌ك دوا چانس بۆ وەرگرتنی هاوپەیمانی نوێ تا 5ی مانگی ئاب درێژ بکاتەوە، له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌شدا رێژەی هاوپەیمانییەکان له‌ ئاستی گه‌وردا نابینرێن كه‌ تائێستا 24 هاوپەیمانین،  لە نێویاندا 15یان هاوپەیمانی نوێ و نۆ هاوپەیمانی کۆنی تێدایە.

ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه‌، زۆربه‌ی لیژنه‌كانی كۆمسیۆن كاره‌كانیان ته‌واوكردووه ‌و دواتریش ئه‌نجومه‌ن زۆربه‌ی بڕگه‌ ته‌كنیكی و هونه‌رییه‌كانی په‌سه‌ند كردووه‌، ته‌نیا كاری لیژنه‌و تیمه‌ گه‌ڕۆكه‌كانی تۆماری ئاواره‌كان له‌ كه‌مپه‌كان به‌رده‌وامه‌.

ئەمە لەکاتێکدایە یەكشەممە 30ـی تەممووزی 2023، جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، وادەی تۆمارکردنی ناوی لیست و هاوپەیمانێتییەکانیان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق، بۆ 6ـی مانگی داهاتوو (ئاب) درێژکردەوە.

بڕیارە لە 18/12/2023، هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بەڕێوەبچێت، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە 1ـی تەممووزی 2023ەوە دەرگای بەڕووی لیست و هاوپەیمانێتییەکاندا کردووەتەوە، بۆ ئەوەی ناوی خۆیان تۆماربکەن.

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاشکرای کردووە، 40 هه‌زار وێستگه‌ و 7 هه‌زار ناوه‌ندی ده‌نگدان بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاكان ده‌كرێنەوە،و زیاتر لە 23 ملیۆن دەنگدەر لە 15 پارێزگا مافی بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان ده‌بێت، هەروەها زیاتر لە 16 ملیۆن دەنگدەر کارتی بایۆمەترییان هەیە.