بە هەزاران گەشتیاری مەسیحی روو لە سعوودیە دەکەن بۆ سەردانیکردنی چیای سینا

گەشتیارێک لەسەر چیای سینا لە میسر وەستاوە
گەشتیارێک لەسەر چیای سینا لە میسر وەستاوە

K24 - هەولێر

دوای ئەوەی سعوودیە لە ساڵی 2019دا، رێگەی بە پێدانی ڤیزەی گەشتیاری بە بیانییەکان دا، کەرتی گەشتیاری ئەو وڵاتە گەشەی کردووە بە سەردانیکردنی مەسیحییەکان، چونکە مەسیحیەکان زیاتر بەدوای چیای سینا دەگەڕێن، ئەو چیایەی کە پێغەمبەر موسا 10 فەرمانەکەی تێدا وەرگرتووە، بەپێی تەورات و پەیمانی کۆن.

شوێنی چیای سینا لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەمەوە بابەتێکی مشتومڕاوی بووە، بەپێی گریمانەی بەڵگەنامەییەکان، ناوی سینا تەنها لە تەوراتدا بەکارهاتووە لەکاتێکدا ناوەکە چیای حوریبە لە سەرچاوەی دیکەشدا بەکارهاتووە و هەندێک لە توێژەران پێیان وایە چیای حوریب هەمان چیای سینایە.

لێکۆڵینەوەیەک کە هەفتەی رابردوو لەلایەن زانکۆی تێنسی ئەمەریکاوە بڵاوکرایەوە، ئاماژەی بەوەکردووە کە بەڵگەی ماددی بەس نییە بۆ بوونی چیای سینا لەسەر زەوی، بە ئەفسانەیەک دادەنێت کە لەلایەن کولتوور و نەوە یەک لە دوای یەکەکانەوە گواستراوەتەوە.

لە ساڵی 2021، کۆمەڵێک شوێنەوارناس بەڵگەیان دۆزییەوە کە بانگەشەی ئەوە دەکەن ئەو شوێنەوارانەی لە سعوودیە دۆزراونەتەوە راستەوخۆ لە تەوراتدا ئاماژەی پێکراوە یەکدەگرێتەوە، بە تایبەتی پاشماوەی "پەرستنی مانگا زێڕینەکە" کە دەکەوێتە چیای لوز.

بەپێی گێڕانەوەی کتێبی پیرۆز، پێغەمبەر موسا دروودی خوای لەسەر بێت، ئیسرائیلییەکانی بەرەو چیای سینا بردووە، کە بە ئاگر و دوکەڵ و هەورەتریشقە پڕ بووە"، پاشان بەرەو شاخەکە سەرکەوتووە و 10 فەرمانەکەی وەرگرتووە.

لێکۆڵینەوەکەی زانکۆی تێنسی پشتڕاستی دەکاتەوە، کە زۆربەی ئەو سەرچاوە مێژووییانەی باسیان لە سەردەمی ئینجیل کردبوو، ناوی چیای سینا یان چیای حوریبیان نەهێناوە، هەر بۆیەش، زانست نەیتوانی راستی ئەو زانیاریانە دیاری بکات، هەروەک چۆن بە بەڵگەی کتێبی پیرۆز شوێنی وردی ئەم شوێنە پیرۆزە نەسەلمێنراوە.