نرخی نەوت گەیشتە بەرزترین ئاستی خۆی لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا

نرخی نەوت بەرزبووەوە
نرخی نەوت بەرزبووەوە

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ سێشەممە 1ـی ئابی 2023، نرخی نەوت گۆڕانکارییەکی کەمی بەخۆیەوە بینی و لە نزیک بەرزترین ئاستی سێ مانگی رابردووی خۆی مایەوە، کە دوێنێ دووشەممە گەیشتبووە ئەو ئاستە.

 هۆکاری گەیشتنی نرخی نەوت بۆ ئەو ئاستە، بۆ ئەگەری کەمبوونەوەی هەناردەکردنی نەوت و خواستی بەهێزی ئەمەریکا، بەکاربەری سەرەکی سووتەمەنی لە جیهاندا دەگەڕێتەوە.

کاتژمێر 10:20 بەیانی ئەمڕۆ بەکاتی هەولێر، نرخی بەرمیلێک نەوتی برێنت بە 85.14 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا  و سەدا 0.24 نرخی پێشووی لەدەستدا. نرخی بەرمیلێک نەوتی تەکساسی ئەمەریکیش 81.55 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا و بەرزترین نرخە لە رۆژی 13ی نیسانی رابردووەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە شرۆڤەکارانی بانکی نیشتمانی ئوسترالیا لە یاداشتێکدا رایانگەیاند، "بە بۆچوونی ئێمە نرخی نەوت بەرەو بەرزترین ئاستی ساڵی 2023 دەڕوات".

شرۆڤەکارە ئوسترالییەکان ئاماژە بەوەش دەدەن، " کۆبوونەوەی رۆژی هەینی ئۆپێک هاندەرێکە بۆ پێشبینیەکان و بەرزبوونەوەی نرخەکان، کە چاوەڕواندەکرێت کەمکردنەوەی هەناردەکردنی ملیۆنێک بەرمیل لە لەلایەن سعوودیەوە بۆ مانگێکی دیکەش درێژبکرێتەوە تاوەکو دەگاتە مانگی ئەیلوول".


ئامادەکردن: کاوار ساڵح - کوردستان24