شوان کەلاری: بە ئەگەری زۆرەوە ئەمڕۆ بڕیار لەبارەی ناردنی مووچەی فەرمانبەران دەدرێت

شوان کەلاری ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
شوان کەلاری ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

K24 – هەولێر

ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، بە ئەگەری زۆرەوە ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق بڕیار لەبارەی ناردنی پارە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەدات.

شوان کەلاری ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە فراکسیۆنی پارتی بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئەمڕۆ کۆبوونەوەی هەفتانەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقە و بەپێی ئەو بەڵێنانەی محەممەد شیاع سوودانی داویەتی، بە ئەگەرێکی زۆرەوە بڕیار لەسەر ناردنی ئەو 906 ملیار دینارە دەدرێت بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کە پێشتر رێککەوتنی لەسەر کراوە، لەوبارەوە دڵنیایی تەواو هەیە کە بڕیاری لەسەر دەدرێت".

گوتیشی: "هەندێک کێشە لەسەر بابەتی نەوت هەبوو، هەرێمی کوردستان ئامادەیە کە ئەو 400 هەزار بەرمیل نەوتەی رێککەوتنی لەسەر کراوە رادەست بکات، بەڵام حکومەتی عێراق و کۆمپانیای سۆمۆ خۆیان کێشەیان هەیە، یەکەم جار داوای 60 هەزار بەرمیلیان کرد پێیاندرا، ئێستا داوای 120 هەزار بەرمیل دەکەن، دیسان حکومەتی هەرێم راگەیاند کە ئامادەی خۆی پیشانداوە، هیچ کێشەیەک لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان نییە، بەڵکو کێشە لەلای بەغدا، بەداخەوە لە بەغداش ئیستغلالی دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستانیان کردووە".

شوان کەلاری، راشیگەیاند: "هەر سەرۆک حزبێک دێت لە هەرێمی کوردستانەوە خۆی دەگەیەنێتە بەغدا سەر بەو ماڵ و ئەم سەرکردە و سەرۆکی حکومەتی عێراق دەکەن، لە راستیدا ئەمە پەرتەوازەییە و ئەوەی ئەوان دەیکەن ئیشی حکومەتە نەک حزب، من نازانم بۆچی ئەو سەرکردانە ناچن بۆ لای سەرۆکی حکومەتی هەرێم و داخوازییەکانیان بخەنەڕوو، بۆ ئەوەی بەشێوەی ئیداری و حوکمڕانی تەندروست بیگەیەننە بەغدا؟ بۆچی شەرم ناکەن لە بەغدا سەر دەکەن بە چەندین شوێن دواتر بە هەندێک بەڵێنی لا بە لا دەگەڕێنەوە، لە بنەمادا ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی رێکنەکەوێت سەرۆک حزبێک چی پێدەکرێت و بەغدا چی بۆ سەرۆک حزبێک دەکات، ئەم هەنگاوانە زۆر بێ بنەمان، بەڵام ئەوانەی بەغداش فێری یارییەکە بوونە و هەندێک جار قسەی خۆشیان بۆ دەکەن، بۆ ئەوەی بچنەوە موزایەدەی پێوە بکەن".

ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەو هاتن و چوونەی شاندە حزبییەکان کاریگەری دەبێت بۆ گفتوگۆکان، حزب هەیە لە حکومەتی هەرێی کوردستان بەشدارە، بەڵام سەرۆکی حزبەکەی دێتە بەغدا دەڵێ من مووچە بۆ کوردستان دەبەمەوە، حزبی دیکە هەیە لە هەرێمی کوردستان ئۆپۆزسیۆنە و دێت لە بەغدا پەیوەندی شەخسی دروست دەکات، ئەوانیش لە بەغدا هەست بەو حاڵەتە دەکەن، بەداخەوە یاری بە عەقڵیەتیشیان دەکەن، لە کوێی دونیا هەیە بودجە و مووچەی وڵات و هەرێمێک بدرێت بە سەرۆکی حزبێک بڵێ ئەوە لەبەر خاتری تۆ دەینێرم، ئەمە تەنیا بۆ ئاڵۆزکردنی نێوماڵی کوردستانە، پێویستە ئەو سەرۆک حزبانە دێنە بەغدا لەو کۆدانە تێبگەن، لەکاتێکدا کە کێشە لەناو ماڵی شیعە و سوننە هەیە، ئەوان دەیانەوێت کێشە لەناو ماڵی کوردیش هەبێت".

سەبارەت بە پڕۆژە یاسای نەوت و گاز، ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران، گوتی: "بڕیاربوو لە ماوەی شەش مانگ یاسای نەوت و گاز دەربچێت، ئەوە نۆ مانگی بەسەردا رۆشتووە هێشتا هیچ دیار نییە، بە بڕوای من زۆر ئاسان نییە، چونکە ئەو حکومەتە بیر لە پاوانخوازی دەکاتەوە و دەیەوێت هەموو عێراق کۆنترۆڵ بکات وەکو پارێزگا، ئەوان تائێستا دەستوور وەکوخۆی نابینن، وای نابینن کە عێراقێکی فیدراڵە و هەرێمێک هەیە، لە ئەنجامی خەبات و بە خوێن و قوربانیدان دروستبووە، ئەو هەرێمە فاکتەری سەرەکی روخانی رژێمی بەعس بووە لە عێراق، بەداخەوە تائێستا ئەم تێڕوانینەیان نییە".

دەشڵێت: "من رەشبین نیم محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق هەندێک پابەندە بە بەڵێنەکانی، خۆشی باس لەوە دەکات کە کەموکورتی لە بەغدا هەیە، بەڵام بە گشتی تێڕوانینیان لە بەغدا بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان وەک ئەوە نییە کە ئەمە هەرێمێکە لە چوارچێوەی عێراقێکی فیدراڵ".

شوان کەلاری جەختیکردەوە: "محەممەد شیاع سوودانی بەڵێنی بە هەرێمی کوردستان داوە کە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیاندا بڕیار لەبارەی ناردنی 906 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بدەن، بەڵام ئەوە عێراقە بەڵێنی داوە رەنگە کێشەیەک بدۆزنەوە، بە بڕوای خۆم ئەمڕۆ یان سبەی پارە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەنێردرێت".