عەممار حەکیم داوای جێبەجێبکردنی رێککەوتنی شنگال و گەڕاندنەوەی ئاوارەکان دەکات

عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی عێراقی
عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی عێراقی

K24 - هەولێر

سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی عێراقی داوای جێبەجێبکردنی رێککەوتنی شنگال لە نێوان هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات و بە پێویستی دەزانێت ئاوارە ئێزیدییەکان بگەڕێنەوە زێدی باب و باپیرانیان.

ئەمڕۆ سێشەممە 1ـی ئابی 2023، عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی لە رێوڕەسمی یادکردنەوەی نۆ ساڵەی کۆمەڵکوژی کوردانی ئێزیدی لە بەغدا، لە گوتارێکدا رایگەیاند، نابێت ئێزیدییەکان بکرێنە قوربانی ململانێیە سیاسییەکان و چاوەڕێی رێککەوتنی لایەنە سیاسییەکان بکەن بۆ ئەوەی بگەڕێردرێنەوە زێدی باب و باپیرانیان.

سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی بە پێویستی دەزانێت، هەماهەنگی زیاتر لە نێوان هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال و گەڕانەوەی ئاوارە ئێزیدییەکان بۆ ناوچەکانیان هەبێت و جەخت لەوە دەکاتەوە، "ئێزیدییەکان مافی خۆیانە بگەڕێننەوە شنگال".

عەممار عەکیم داوا دەکات "ناوچە ئێزیدییەکان و بەتایبەت قەزای شنگال لە زووترین کاتدا نۆژەنبکرێنەوە، کێشە ئەمنی و کارگێرییەکانی ئەو ناوچانە چارەسەربکرێن، رێککەوتنی شنگال  لە نێوان هەردوو حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان جێبەجێبکرێت و ئاسانکاری بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان بکرێت".

سەرۆکی رەوتی حیکمەی نیشتمانی ئەوەشی خستەڕوو، "پێویستە سەرجەم لایەنەکان پابەندی رێککەوتنی شەنگال بن، نەک لایەنێک بەشێک لەماددەکانی جێبەجێبکات و بەشێکی دیکەی پشتگوێ بخات." راشیگەیاند، "بەربەستی بەردەم گەڕانەوەی ئێزیدییەکان بۆ شەنگال سیاسییە نەوەک دارایی".

بە گوتەی عەممار حەکیم، "ئێزیدییەکان پێش شەڕی داعش لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە ناسراو نەبوون، بەڵام ئەمڕۆ دوای ئەو هەموو قوربانییە زۆرەی داویانە، بەهۆی ئەو ستەمەی لێیان کراوە  و ئەو ئازارەی چێشتوویانە، بوونەتە پێکهاتەیەکی ناوسراو".  

رۆژی سێشەممە 11ـی نیسانی 2023، وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا وەڵامی لێدوانەکانی وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لەبارەی هۆکاری نەگەڕانەوەی پەنابەران بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان دایەوە و ئاماژەی بەوە کردووە، "جێگەی داخە وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا لەبری ئاماژەدان بە هۆكارە سەرەكییەكانی نەگەڕانەوەی ئاوارەكان و ئاستەنگەكانی بەردەم رێككەوتنی شنگال، كەوتووەتە موزایەدەكردن و بڵاوكردنەوەی قسەی نامەسئولانە و بێ بنەما لەبابەتی ئاوارەكان و بەكارهێنانیان بۆ مەرامی سیاسی."

وەزارەتی ناوخۆ  هۆكاری سەرەكیی نەگەڕانەوەی ئاوارەكان بە پلەی یەكەم، بۆ "بوونی كۆمەڵێك هێزی نایاساییە لە دەڤەری شنگال و جێبەجێنەكردنی ڕێككەوتنامەی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵ" گەڕاندووەتەوە و دەڵێت، "بەداخەوە تا ئێستا بەناوی ئاوەدانكردنەوە، یارمەتیی ماددی پێشكەشی هێز و ملیشیا نایاساییەكان دەكرێت." جەختیش لەوە کراوەتەوە، "حکومەتی هەرێمی کوردستان هەمیشە لەگەڵ گەڕانەوەی ئارەزوومەندانە و سەربەرزانەی ئاوارە و پەنابەرانە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان."

قەزای شنگال یەکێکە لەو شوێنانەی کە تیرۆریستانی داعش لە سێی ئابی 2014 هێرشیان کردە سەر ناوچەکە و ژمارەیەکی زۆر خەڵکیان کوشت و هەندێکیش تا ئێستا بێسەروشوێنن و کەسوکارەکانیشیان لە ئێستادا لە کەمپەکانی پارێزگای دهۆک ژیان بەسەر دەبەن و بەهۆی بوونی چەکدارانی پەکەکە و حەشدی شەعبی و نەبوونی ئاسایش و سەقامگیریی و خزمەتگوزاری لەناوچەکە، ناتوانن بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان.

رۆژی سێشەممە 9ـی ئۆکتۆبەری 2020، رێككەوتنی شنگال لە نێوان حكومەتی عێراق و حكومەتی هەرێمی كوردستان بە چاودێری مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق پێشووی عێراق لە شاری بەغدا واژووكرا، کە خۆی لە شەش خاڵی سەرەکی دەیبینێتەوە، ئەوانیش:

1. هەڵبژاردنی قایمقامی نوێ.

2. حكومەتی فیدراڵی ئیدارەی پرسی ئەمنی دەكات.

3. دامەزراندنی 2500 كەس لە خەڵكی شنگال و ئاوارەكانی و دروستكردنی هێزێكی نوێ.

4. كۆتاییهێنان بە پەكەكە و هەموو ئەو گرووپانەی پەیوەندیان پێوەیەتی.

5. هیچ كەسێكی سەر بە پەكەكە نابێت لەو هێزە ئەمنییە نوێیە دابمەزرێت.

6. هەولێر و بەغدا هەماهەنگی بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگال و ئیدارەكردنی بكەن.